پێشبینی كراوە لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بەرز ببنەوە.
هەڤال سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت: پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە، پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلەی سیلیزی بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.
هەروەها رایدەگەیەنێت: پلەکانی گەرما لە هەولێر و کەرکووک و زاخۆ لەنێوان 45 بۆ 47 پلەی سیلیزی دەبێت، بەڵام بەرزترین پلەکانی گەرما لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تۆمار دەکرێت بەتایبەت لە شارۆچكەی خانەقین و مەیدان و کەلار كە پلەی گەرما تێیاندا 46 بۆ 47 پلەی سیلیزی دەبێت.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا: لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە 49 پلەی سیلیزی.
جەختیشی كردەوە كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەڵام دواتر لە سەرەتای مانگی داهاتوو پلەكانی گەرما دووبارە نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو هەوایەكی شێدار روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و پێشبینی دەكرێت لە ناوچە شاخاوییەكان ببێتە هۆی بارانبارین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.