لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، وەزارەتی داد، لە پێناو پاراستنی موڵک و مافی هاووڵاتییان و بۆ چۆنیەتیی جووڵەپێکرنی دۆسییەکانی جێبەجێکردن و ڕێکخستن و کارئاسانی و پاراستنی مافی لایەنەکانی دۆسییەکان، ڕێنمایی نوێی دەرکرد.
ڕۆژی سێشەمممە 26ـی ئابی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: وەزارەتی داد لەبارەی دۆسییەکانی جێبەجێکردنەوە ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٥دەرکردووە، کە لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان (٣٣٦)دا بڵاو کراوەتەوە.
بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی داد، بە مەبەستی ڕێکخستن و پارێزگاریکردن لە دۆسییەکانی جێبەجێکردن و ناوەڕۆکەکەی، لە هەر جۆرە لەناوچوون و تێکچوونێک، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن و بەرپرسی ژووری ئەرشیڤی بەرپرسیار کردووە. هەروەها جەختی لەوەش کردۆتەوە کە بێجگە لە فەرمانبەرانی دەستنیشانکراوی ژووری ئەرشیڤ، بۆ هیچ کەس نییە بچێتە ئەوێ.
بە پێی ڕێنماییە نوێیەکە، دۆسییەی جێبەجێکردن دەبرێتە دەرەوەی ئەرشیڤ، لەسەر داوای جێبەجێکاری دادی تایبەتمەند، یان دادگای تایبەتمەند، یان سەرپەرشتیاریی دادی یان لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، دەشبێت ڕادەستکردنەکە و گەڕاندنەوەی لە تۆماری ئەستۆ بەفەرمی جێگیر بکرێت.
وەزارەتی داد لە ڕێنماییەکەیدا، داوا لە پارێزەری بریکاری لایەنێکی دۆسییەکە کردووە، کە دەبێت لە ژووری بەڕێوەبەری فەرمانگە تێخوێندنەوە لە دۆسییەکەدا بکات؛ هەروەها جووڵەپێکردنی دۆسییەی جێبەجێکردن لەناو فەرمانگەکەشدا، دەبێت لەلایەن فەرمانبەرێکی ژووری ئەرشیڤەوە بێت و نابێت دۆسییەی جێبەجێکردن ڕادەستی هاووڵاتی بکرێت، جا هەر سیفەتێکی هەبێت.
هەر بە پێی ڕێنماییی ژمارە ( ٢)ی ساڵی ٢٠٢٥، دۆسییەکانی جێبەجێکردن، دەبێت لاپەرەکانی ژمارە (تەرقیم) بکرێن، ئەگەر بۆ دەرەوەی فەرمانگە ڕەوانە کرا؛ پێویستە لاپەڕەی ناوەڕۆکیشی (فەهرەستی) بۆ ڕێک بخرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.