بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی عومرەی راگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی عومرەکارانەوە راگیرابوون. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکان بەڵێننامەی یاساییان پڕکردووەتەوە بۆ گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی عومرەکاران لە کاتی خۆیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئابی 2025، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە، لەگەڵ خاوەنی هەر حەوت کۆمپانیای گەشتیاریی تایبەت بە عومرە لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە جەختی لەوە کردەوە کە مافی هاووڵاتییان و عومرەکاران هێڵی سوورە و دەبێت بە باشترین شێوە خزمەت بکرێن. هەروەها بە کۆمپانیاکانی راگەیاند کە دەبێت بەرپرسیارێتیی دواکەوتنی گەشتەکان لە ئەستۆ بگرن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر حەوت کۆمپانیاکە بەڵێننامەیان لە دادنووس پڕکردووەتەوە کە پابەندی گەڕاندنەوەی عومرەکاران دەبن لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا و بە پێچەوانەوە، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی، کارگێڕی و دارایی دەبنەوە.
دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەکان، شێخ نیاز نەقشبەندی بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عومرە دەست پێ بکەنەوە و ئاسایی ببنەوە، بەجۆرێک کە مافی عومرەکاران گەرەنتی کرابێت.
رۆژی 19ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عومرەی راگرت، دوای ئەوەی ژمارەیەک عومرەکاری هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەی بریکارەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە لە سعوودیە گیریان خواردبوو و گەڕانەوەیان دواکەوتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.