وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنماییەکی نوێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەت بڕیاریداوە لەو کەمئەندامانە خۆش ببێت کە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە و تاوەکو ئێستا قەرزدارن.
رۆژی سێشەممە 26ـی ئاب، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی بڵاو کردەوە، مژدەی دایە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و ڕایگەیاند: بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیری ماوە، کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بەگوێرەی رێنماییەکی دارایی ژمارە (7)ـی ساڵی 2025ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ توێژێکی دیاریکراو دەرکرا.
لە رێنماییەکەدا هاتووە: "بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە گەڕاندنەوەی بڕی پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی کەمئەندامان، کە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە".
هەر لە رێنماییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی کوردستان" بڵاودەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.