گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە چالاکبوونەوەی میکانیسمی سناپ بەک و گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانە و هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم میکانیسمە چالاک نەکرێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 26ـی ئابی 2025، ئیسماعیل بەقایی، لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، بە هیچ شیوەیەک وا نییە کە ئێمە بمانهەوێ وا پێشان بدەین گەڕانەوەی گەمارۆکان کاریگەرییان نابێت. ئێمە لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم ڕووداوە ئاگادارین و لە دەرئەنجامەکانی نیگەرانین. بەڵام پێمان وایە نابێ ڕێگا بدەین ئەم بابەتە کاریگەریی دەروونیی لەسەر هاووڵاتییانمان هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی ژنێڤ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بریتانیا و هەروەها گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیا بە مەبەستی ڕێگری لە چالاککردنەوەی میکانیسمەکەیە.
بەقایی گوتیشی ئێمە پێمان وایە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە مافی یاسایی و ئەخلاقیی چالاککردنەوەی ئەو میکانیسمەیان نییە، هەر بۆیە هەوڵێکی بەربڵاومان بۆ ڕێگری لەم کارە دەست پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.