سەركردەی باڵای دروزەكانی سووریا داوای هاوكاریی نێودەوڵەتی كرد بۆ دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ و جیابوونەوەی پارێزگای سوەیدا لە وڵاتی سووریا.
شێخ حیكمەت هیجری سەركردەی باڵای دروزەكانی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: داوا لە جیهان و وڵاتانی ئازاد دەكەین لە پشت دروزەكان بووەستن بۆ راگەیاندنی هەرێمێكی سەربەخۆ و جیابوونەوە لە وڵاتی سووریا.
راشیگەیاند: هەوڵی دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ دروزەكان دوای هەموو ئەو هەموو نەهامەتی و هەوڵانە دێت كە لە ماوەی رابردوودا دژی دروزەكان بۆ لەناوبردنیان درابوو.
شێخ حیكمەت لە تۆمارە ڤیدیۆیەكەدا سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی كرد كە لە ماوەی رابردوودا هەوڵی پاراستنی دروزەكانیان لە سووریا داوە، بەتایبەت ئەمریكا و ئیسڕائیل.
ئەم داواكارییەی شێخ حیكمەت هیجری سەركردەی باڵای دروزەكانی سووریا لە كاتێدایە كە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا بەردەوام پێداگیری لە یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكاتەوە و رەتی دەكاتەوە هیچ هەرێم و ناوچەیەكی سەربەخۆ لە وڵاتەكەی بێتەكایەوە.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە شەڕ و پێكدادان لە پارێزگای سوەیدا لەنێوان دروزەكان و چەكداران و هێزەكای سوپای سووریا و چەند لایەنێكی تر درێژەی هەیە كە بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 1600 كەس كوژراون.
لەبەرامبەریشدا سوپای ئیسڕائیل بۆ پاراستنی دروزەكان، تا ئێستا چەندین هێرشی كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكانی سووریا و هۆزەكان، بەڵێنیشی داوە هەموو هەوڵێك بدات بۆ پاراستنی پێكهاتەی دروزەكان لە سووریا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.