لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالی بە جینۆساید ناساندووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی قوربانییانی ئەو تاوانە و گشت تاوانەکانی دیکەی رژێمی پێشوو بکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان، رایگەیاند: "بە ڕێزەوە هەموو شەهیدانی بادینان و کوردستان بەگشتی بەبیر دەهێنینەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەوەی ژمارەیەک رووفاتی شەهیدانی ئەو تاوانە لە دەڤەری بەری گارە کرد و گوتی: "ستەملێکراویی گەلێک نیشان دەدەن".
لە پەیامەکەیدا هاتووە، " ئهنفالى بادينان تاوانێكى ديكهى زنجيره تاوانهكانى دهسهڵاتدارانى ئهوساى عێراق بوو دهرههق به گهلى كوردستان كه لە 25ـی ئاب تا 6ـی ئهيلوولى 1988 له دوا قۆناغى ئهنفالدا، خهڵكى سڤيل و خاك و ههوا و ژينگه و سروشتى بادينانى گرتهوه".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییان دووپاتکردەوە و رایگەیاند: " دادگاى باڵاى تاوانهكانى عێراق ئهنفالى به جينۆسايد و تاوانى جهنگ و تاوانى دژى مرۆڤايهتى ناساندووه، بۆيه مافى قوربانييانه به ههموو شێوهيهك قهرهبوو بكرێنهوه".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە رابردووی تاڵی عێراق ببێتە وانە و هۆکارێک بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان. هەروەها داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنەکانی کرد بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و تەواوی شەهیدانی کوردستان نارد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.