بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ڕێژەی بەشداربوومان هەیە بەراورد بە عێراق و بۆ سوودمەندبوونی تەواوی هاووڵاتییان، بڕیارمان دا بۆ ماوەی شەش ڕۆژی دیکە وادەکەی درێژ بکەینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئابی 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند: "تا کۆتاییی ئەم مانگە وادەی پڕکردنەوەی پسوولەی خۆراک درێژ کرایەوە".
بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، دەمانەوێت هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بەشداری بکەن لە بەشەخۆراک و هیچ هاووڵاتییەک لێی بێبەش نەبێت، هەر بۆیە داوامان کرد وادەی خۆتۆمارکردن لە پسوولەی ئەلیکترۆنی بۆ چەند ڕۆژێک درێژ بکرێتەوە.
سیامەند قادر لەبارەی ڕێژەی بەشداربووانی پڕۆسەکە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ڕێژەی خۆتۆمارکردن هەیە؛ لە هەولێر 87٪ی هاووڵاتییان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و 13٪ی هاووڵاتییان ماون، بەو هیوایەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشداربن."
"لە سلێمانی 85٪ و لە دهۆکیش 80٪ی هاووڵاتییان بەشداربوون و بەمەش لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی کوردستان زۆرترین بەشداریی هەیە."
بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتیشی، "ئێمە چەند مانگێک دوای عێراق دەستمان بە پڕۆسەکە کرد. ئەوان لە ماوەی هەشت مانگ و 20 ڕۆژدا نەیانتوانیوە هەمان ڕێژەی ئێمە تۆمار بکەن، لە کاتێکدا ئێمە تەنها لە ماوەی سێ مانگ و 20 ڕۆژدا توانیمان بگەین بەو ڕێژەیە."
سیامەند قادر دەڵێت، "تیمەکانمان هەمیشە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوامن و ئەو ماڵانەی تەنها خەڵکی بەتەمەنی تێدایە و شارەزاییان لە بابەتی ئەلیکترۆنی نییە، تیمی تایبەتمان هەیە و لەناو ماڵی خۆیاندا فۆڕمەکەیان بۆ پڕکردوونەتەوە."
سەبارەت بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی، "ئەوەی کارتی نیشتمانیی هەبێت، دەتوانێت لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بێت و بە پێچەوانەوە، هاووڵاتییانی بیانی لێی سوودمەند نابن."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.