پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە سنووری ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن، 26 کورەی نایاسایی دروستکردنی خەڵوزیان تێکداوە و دەستیان بەسەر 63 فەردە خەڵوزدا گرتووە.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی سەرپێچیکارانی ژینگە بوونەتەوە و ژمارەیەک کورەی دروستکردنی خەڵوزیان تێکداوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دوای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی بڕینەوەی داری دارستانەکان لە چەند گوندێکی سنووری ناحیەی ناڵپارێز بۆ مەبەستی دروستکردنی خەڵوز، هێزێکی هاوبەش لە پۆلیسی دارستانی پێنجوێن و ناڵپارێز، لەگەڵ ئاسایشی ناڵپارێز پێکهێنرا.
هێزە هاوبەشەکە لە سنووری گوندەکانی (سەربەڵخە، بەردەبەلەک، دۆڵەچەوت و دۆڵە سوور) ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 26 کورەی خەڵوز تێکدران و دەست بەسەر 63 فەردە خەڵوز و ژمارەیەک داری بڕدراودا گیرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ کەسێک لە شوێنەکەدا نەبووە، بەڵام دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.