Erbil 31°C چوارشەممە 02 ئەیلوول 06:56

شارەوانیی هەولێر: تاوەکو ئێستا 18 هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان دەست پێ کردووە و رۆژانە دەیان سەگ دەبرێنە شەڵتەر. شارەوانیی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا 18 هەزار سەگ کۆکراونەتەوە، کە زیاتر لە 9 هەزاریان دوای وەرگرتنی ڤاکسین و نەشتەرگەری، ئازاد کراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڵمەتەکە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێ کردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکان رۆژانە لەنێوان 30 بۆ 40 سەگی بێلانە کۆدەکەنەوە و دەیانگوێزنەوە بۆ شەڵتەری تایبەت بە ئاژەڵە بێلانەکان.

شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هاوکاریی ڤێتێرنەریی هەولێر، رۆژانە 10 بۆ 15 سەگ ڤاکسینیان بۆ دەکرێت و نەشتەرگەریی رێگریکردن لە زاوزێیان بۆ ئەنجام دەدرێت. دوای چارەسەرکردنیشیان، دەبرێنەوە ناو ژینگەی خۆیان.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9000 سەگی بێلانە دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی ڤاکسین ئازاد کراون و مەترسییان لەسەر ژیانی خەڵک نەماوە".

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، لەگەڵ کردنەوەی شەڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان تاوەکو ئێستا 18 هەزار سەگی بێلانە لەنێو شاری هەولێردا کۆکراونەتەوە، لە شەڵتەرەکەشدا رۆژانە نزیکەی 8 بۆ 10 تۆن خۆراکیان پێدەدرێت و چاودێریی تەندروستی دەکرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.