نەرویج یەکێک لە نوێترین و پێشکەوتووترین سیستمەکانی بەرگری بۆ ئۆکراینا دەنێرێت و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، لەگەڵ ئەڵمانیا دڵنیایی دەدەین کە پاڵپشتی سیستمی بەرگری ئۆکراینا دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، حکومەتی نەرویج ڕایگەیاند کە بە بەهای نزیکەی 7 ملیار کرۆنی نەرویجی کە دەکاتە نزیکەی 696.12 ملیۆن دۆلار سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکات.
یۆناس گار ستۆر سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: " لەگەڵ ئەڵمانیا پێکەوە دڵنیایی دەدەین کە ئۆکراینا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهێز وەردەگرێت".
سەرۆکوەزیرانی نەرویج جەختی لەوە کردەوە کە "ئەڵمانیا و نەرویج پێکەوە کاردەکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە هەوڵیدا بۆ بەرگرییکردن لە وڵات و پاراستنی دانیشتوانی سڤیل لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا."
نەرویج سیستمی نوێی پێشکەوتووی NASAMS داوەتە ئۆکراینا کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە یەکێک لە باشترین سیستمەکان دادەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.