بانکی HSBC ـی بریتانی لە رێگەی لقەکەی لە سویسرا، لە بڕیارێکی گەورەدا دەستی کردووە بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زیاتر لە هەزار کڕیاری دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی دەسەڵاتدارانی سویسرا کەموکوڕیی جددیی بانکەکەی لە دۆسیەیەکی گەورەی سپیکردنەوەی پارەدا ئاشکرا کرد.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بانکی HSBCـی بریتانی لە رێگەی لقی بانکداریی تایبەتی خۆی لە سویسرا، بڕیاری داوە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زیاتر لە 1000 کڕیاری دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنێت. لیستەکە ملیۆنێرەکانی سعوودیە، لوبنان، قەتەر و میسر دەگرێتەوە، کە هەندێکیان سامانەکەیان لە 100 ملیۆن دۆلار زیاترە.
ئەم بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەیەکی چڕی دەستەی چاودێریی بانکیی سویسرا (FINMA) دێت، کە لە کانوونی دووەمی 2025 دەستی پێ کرد و پەیوەست بوو بە گومانی سپیکردنەوەی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار. دۆسیەکە پەیوەندیی بە ریاز سەلامە، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی لوبنان و براکەیەوە هەبوو. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە بانکی HSBC کەمتەرخەم بووە لە وردبینیکردنی سەرچاوەی ئەو پارانەی لەنێوان ساڵانی 2002 بۆ 2015 لە لوبنانەوە بۆ سویسرا گواستراونەتەوە.
لە ئەنجامدا، دەستەی چاودێریی سویسرا سزای بەسەر بانکەکەدا سەپاندووە و ناچاری کردووە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ هەموو ئەو پەیوەندییانە بکات کە وەک مەترسیی بەرز پۆلێن کراون. هەروەها بانکەکە لە کردنەوەی هەژماری نوێ بۆ کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان قەدەخە کراوە تا ئەو کاتەی چاکسازییە پێویستەکان تەواو دەکات.
بڕیارەکەی HSBC مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە داراییەکانی ناوچەکەدا دروست کردووە و وەک گورزێک لە ناوبانگی بانکەکە لە بواری بەڕێوەبردنی سەروەت و سامان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەیر دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.