ئۆکراینا بە درۆن هێرشی کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی وزەی ڕووسیا و یەک لەوانیش وێستگەی ئەتۆمیی کۆرسک و بووە هۆی کەمکردنەوەی توانای کارکردنی یەکەی سێیەمی وێستگەکە.
ڕۆژی یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ڕووسیا ڕایگەیاند هێرشی چەند درۆنێکی ئۆکراینا بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی وزەی ڕووسیا بووتە هۆی کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وێستگەی ئەتۆمیی کۆرسک و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی هەناردەکردنی سووتەمەنی لە ئوست لوگا.
دەزگای هەواڵگریی وێستگەکە ڕایگەیاندووە هێرشی درۆنەکان بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی کۆرسک کە لە نزیک سنووری ئۆکراینا هەڵکەوتووە، زیانی بە ترانسفۆرمەرێکی یاریدەدەر گەیاندووە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی توانای کارکردنی یەکەی سێیەمی وێستگەکە بە ڕێژەی 50٪.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکراشی کردووە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و ئەو ئاگرەش کە بە هۆی هێرشەکەوە کەوتووەتەوە، خێرا کۆنترۆڵ کراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، ئۆکراینا بە درۆن هێرشی کردە سەر کۆمپانیایەکی پیشەسازی لە شاری سیزران لە باشووری ڕووسیا. لە سەرەتای ئەم مانگەشدا سوپای ئۆکراینا ڕایگەیاندبوو هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی سیزران.
دەزگای فڕۆکەوانیی مەدەنیی ڕووسیا دەڵێت شەوی ڕابردوو گەشتەکان لە چەند فڕۆکەخانەیەکی ڕووسیا، لەوانە فڕۆکەخانەی پولکۆڤۆ لە ناوچەی لینینگراد، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕاگیراون.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە، یەکەکانی رووسیا شەوی ڕابردوو 95 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە 13 ناوچە، لەوانە لینینگراد و سامارا و نیمچەدوورگەی کریمیا، تێکشکاندووە.
حکوومەتی ئۆکراینا دەڵێت هێرشەکانی لەناو ڕوسیا، وڵامی هێرشە بەردەوامەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینایە و ئامانجیان تێکدانی ئەو ژێرخانانەیە کە بۆ کەرتی سەربازیی ڕووسیا بە گرنگ دادەنرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.