لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لە سنووری قەزای قوشتەپە لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکە بریندار بوون. هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025، کۆڤان ساڵح، ئەفسەری ئێشکگر لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: "کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک لە نزیک گوندی هەمزە کۆر لە سنووری قەزای قوشتەپە، رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکدا روویدا".
ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ گوتیشی: "بەداخەوە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا دوو شۆفێر گیانیان لەدەستدا و 7 سەرنشین بریندار بوون، دوو لە بریندارەکان ئافرەتن".
کۆڤان ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە شاری هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.