جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند هەڵکوتانە سەر ماڵی جۆن بۆڵتن، لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)یەوە تۆڵە سەندنەوەی سیاسی نییە.
ڕۆژی شەممە، 23ـی ئاب، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "NBC News" ڕایگەیاند: هەڵکوتانە سەر ماڵی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، تۆڵەسەندنەوەی سیاسی نییە و لێکۆڵینەوەکە پەیوەندیی بە بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە هەیە.
لێدوانەکەی ڤانس دوای هەڵکوتانە سەر ماڵی بۆڵتن لەلایەن FBI ەوە هات، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە پەیوەستە بە ئەگەری ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر بەڵگەنامەی نهێنیدا گرتبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتی کردەوە پێشوەختە ئاگاداری ئەم هەڵکوتانە بووبێت و بۆڵتنی بە "کەسێکی نزم" وەسف کرد و وتیشی لەوانەیە " نانیشتمانپەروەر" بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ شتێک دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە نازانێت.
بەیانیی ڕۆژی هەینی، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی جۆن بۆڵتن لە ناوچەی بێتیس لە ویلایەتی ماریلاند.
لێکۆڵینەوەکە پەیوەندیی بە دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە هەیە و چەندین ساڵ پێش ئێستا دەستی پێ کردبوو، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە هۆکاری "سیاسی" ڕاگیرابوو.
بۆڵتن، کە لە خولی رابردووی ئیدارەی ترەمپدا، ماوەی ١٧ مانگ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو، لە ماوەی کارکردنیدا ناکۆکیی توندی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا هەبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.