ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسا بە ئاماژەکردن بە زنجیرەیەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە پاش شەڕی 12 ڕۆژە ڕایگەیاندووە شەڕی ئێران و ئیسرائیل تا ئێستاش ڕانەوەستاوە و هێرشی سنووردار و تیرۆری ئامانجدار هەروا بەردەوامن.
ڕۆژی شەممە 23ـی ئابی 2025، رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە دوو مانگ پاش کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ژمارەیەکی بەرچاو "ڕووداوی گومانلێکراو" ڕوویان داوە و ئەمەش گومانی دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان دوو وڵاتی بەهێز کردووە.
لۆمۆند نووسیویەتی لە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە هەر هەفتەیەکدا لانیکەم ئاگرکەوتنەوە یا تەقینەوەیەکی گومانلێکراو لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران ڕووی داوە و ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن ئەم رووداوانە دەستی دەرەکییان لە پشت نییە بەڵام بەشێک لە ڕای گشتیی ئێران پێیان وایە ئیسرائیل لە پشت ئەم هێرش و تەقینەوانەوەیە.
نوێترین ڕووداوی لەم شێوەیەش ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە ڕۆژی 17ـی ئاب، لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تاران بوو کە تا ئێستا هۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە. هەروەها تەقینەوە لە کۆگای پاشماوە پیشەسازییەکانی کرماشان، ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی ئازادی بەندەرئەنزەلی، سووتانی دوو کارگەی سەر بە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا لە زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان و ئاگرکەوتنەوە لە گەورترین پاڵاوگەی نەوتی ئێران لە ئابادان، بەشێل لەو ڕووداوانەن تا ئێستا هۆکارەکانیان دیار نییە.
بە پێی راپۆرتەکەی لۆمۆند ژمارەیەک لە چالاکانی ئابووریی نزیک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران پێیان وایە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هیچکات کۆتایی نەهاتووە و ئۆپەراسیۆنی تیرۆری ئامانجدار و هێرشە سنووردارەکان هەروا بەردەوامن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەت بە "بێدەنگییەکی ناچاری"، ڕێگای لە قبوڵکردنی ئاشكرای ئەم رووداوانە گرتووە بۆ ئەوەی ناچار بە وڵامدانەوە نەبێت.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەکی ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران (ئیسپا)، ئاماژە بەوە کراوە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل نیگەرانن و قەیرانی ئابووری بە هەڵاوسانی زیاتر لە 50٪ و پچرانی بەردەوامی ئاو و کارەبا و دابەزینی بەرهەمهێنان، نیگەرانییەکانی قووڵتر کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.