Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 06:07

چەککردنی میلیشیاکانی لوبنان لە گرووپە فەلەستینییەکانەوە دەستی پێ کرد

کوردستان TV
100%

گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینی کە نشتەجێی لوبنانن، دەستیان کردووە بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکوومەتی ئەم وڵاتە.

ڕۆژی هەینی 22ی ئابی 2025، ڕامز دیمەشقیە، سەرۆکی کۆمیتەی گفتوگۆی لوبنانی-فەلەستینی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی لوبنان بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند، لە کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە "بورجولبوراجەنە" لە باشووری بەیرووت "یەکەم قۆناغی ڕادەستکردنی چەکی هێزە فەلەستینییەکان" دەستی پێ کردووە.

میدیا عەرەبییەکان دەڵێن یاسر عەباس، کوری مەحموود عەباس سەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، چەند ڕۆژێکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕادەستکردنی چەک لە لایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە، لە هۆتێلێکی لوبنان نیشتەجێ بووە.

ئۆفیسی نواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە راگەیاندراوێکدا پێشوازیی لە دەستپێکردنی پڕۆسەی چەککردنی میلیشیاکانی نشتەجێی لوبنان کردووە و ڕایگەیاندووە: "پڕۆسەکە بە وەرگرتنی چەک لە کەمپەکانی دیکەش، لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا دەگاتە کۆتایی".

لە لایەکی دیکەوە تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و لوبنان، دەستپێکردنی پرۆسەکەی بە "هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو یەکێتی و سەقامگیریی لوبنان" ناو بردووە کە بە گوتەی ئەو "نیشانەی پابەندبوونی ڕاستەقینەی ئەم گرووپانە بە ئاشتی و هاوکارییە".

لە بەرانبەردا ماڵپەڕی شەفەقونا ڕایگەیاندووە: "ڕەوتی ڕادەستکردنی چەک لەم کەمپە کە ناوچەی زاحیەی باشووری بەیرووت هەڵکەوتووە، پرسێکی ڕێکخستنی ناوخۆیی بزووتنەوەی فەتحە و هیچ پەیوەندییەکەی بە چەککردنی گرووپە فەلەستینییەکانەوە نییە".

کەناڵی عەرەبی 24یش لەسەر زاری گرووپە فەلەستینییەکانەوە رایگەیاند: "ئێمە وەک گرووپە فەلەستینییەکانی نشتەجێی لوبنان بە ڕاشکاوی جەخت دەکەینەوە ئەم هەواڵە بە تەواوی ناڕاست و دوور لە ڕاستییە".

هەوڵەکان بۆ چەککردنی گرووپە ملیشیاکان دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە حکوومەتی لوبنان لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکادا سوپای ئەم وڵاتەی ڕاسپارد تا کۆتایی ئەمساڵ، پلانێک بۆ چەککردنی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان دابڕێژێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، مەحموود عەباس، سەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، کۆبوونەوە و ڕێک کەوتن سەرجەم کەمپە فەلەستینییەکان لە ناو خاکی لوبنان چەک بکرێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.