Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 06:08

لە کەرکووک 18 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران

کوردستان TV
100%

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند تۆڕێکی گەندەڵییان لە کەرکووک هەڵوەشاندووەتەوە و 18 کەسیشیان بە تۆمەتی گەندەڵی بە بەهای 8 ملیار دینار دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: " لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا و بە هەماهەنگیی هەواڵگری و مەیدانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکوک توانی تۆڕێکی ڕێکخراو هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دەستکاری و ساختەکاری لە بواری خانووبەرەدا تێوەگلابوو، ئەمەش بووە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە "ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لە دادوەری تایبەتمەندەوە بەڕێوە چوو و بووە هۆی دەستگیرکردنی 18 تۆمەتبار کە پێکهاتبوون لە فەرمانبەری حکومی، کارمەندی بانک و وەبەرهێنەر، کە پڕۆگرامێکی حکومییان بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان کردبووە ئامانج".

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە "تۆڕەکە وەرگرتنی قەرزی وەهمی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختەوە، و مامەڵەیان بە ناوی هاووڵاتییانی بێتاوانەوە ئەنجامداوە، بە بانگەشەی ئەوەی کە گەرەنتیی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دەکەن. لەم پەیوەندییەدا 30 مامەڵەش کە ئامادەبوون بۆ خەرجکردن ڕاگیران".

ئەم تۆڕە گەندەڵییە هەروەها دەستیان بەسەر پارچە زەوییەکی حکومیدا گرتووە کە ڕووبەری 57500 م² بووە. ئەم کارەشیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تاپۆی زەوییەکی دیکەوە کە هاوتا نەبووە ئەنجام داوە.

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ "ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو لە ڕاگرتنی بەهەدەردانێکی دارایی کە بە نزیکەی 8 ملیار دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت، و هەموو تۆمەتبارەکان، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان، ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان کران".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.