سوپای ئیسرائیل بە جێگیرکردنی هێزەکانی لە نزیک غەزە، دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی غەزەی ڕاگەیاند.
ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەرەتایی و قۆناغی یەکەمی هێرش بۆ سەر غەزە دەستی پێ کردووە و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە دەوروبەری غەزە جێگیر کراون.
جەختیشی کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هەر ئێستا چالاکییەکانیان لە نزیک غەزە دەست پێ کردووە و حەماس بووەتە هێزێکی پارتیزانیی بچووک و لاواز.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی "هێرش بۆ سەر حەماس لە ناو شاری غەزە کە پێگەی سەرەکیی حوکمڕانی و سەربازیی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەیە، بەربڵاوتر دەبێت".
ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهۆ فەرمانی داوە ڕەوتی دەستبەسەرداگرتنی بنکە سەرەکییەکانی حەماس لە غەزە و شکستدانی ئەم گرووپە خێراتر بکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند پلانی سوپای ئەم وڵاتە بۆ کۆنترۆڵی غەزەی پەسند کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش 60 هەزار کەس لە هێزی یەدەگی سوپای بانگ کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.