بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان کە دوای 37 ساڵ خۆشاردنەوە دەستگیرکرا، دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و دەڵێت برسیکردن و دەستدرێژیی سێکسیی وەک چەکی کۆمەڵکوژ بەکار هێناوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاب، ڕۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەستگیر کردن و دانپێدانانی یەکێک لە گەورەترین تاوانبارانی ڕژێمی بەعسی عێراق کردووە کە ئەفسەری پێشوو "حەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی"، ناسراو بە حەجاجی نوگرە سەلمانە.
حەجاج لە دانپێدانانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح دەڵێت: "برسیکردنمان وەک چەک بەکارهێنا، کە لە بۆردومانی سەربازی کەمتر کوشندە نەبوو؛ لە ماوەی تەنها دە مانگدا دوو لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەست دا."
کاتێک حەجاج تکریتی لە ساڵی 1989 بووەتە بەڕێوەبەری زیندانی نوگرە سەلمان، نزیکەی 400 زیندانیی عەرەبی لە زیندانەکە گواستووەتەوە و لە شوێنی ئەوان نزیکەی 3 هەزار زیندانیی کوردی لە سلێمانی و هەولێرەوە، بە مەبەستی لەناوبردنیان، هێناوەتە زیندانەکە.
"عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی" لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایک بووە و دەرچووی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی بووە. بەهۆی دڵڕەقیی زۆر و دڕندەییەکەیەوە، زیندانییەکان نازناوی "حەجاج"یان لێ نابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.