Erbil 31°C یەکشەممە 05 تەمووز 23:35

ئیسرائیل 60 هەزار سەربازی یەدەگ بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی غەزە بانگهێشت دەکات

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی شاری غەزە، نزیکەی 60 هەزار هێزی یەدەگ بانگهێشت دەکات. بەرپرسێکی سەربازیش دەڵێت، فەرماندە باڵاکان پلانی ئۆپەراسیۆنێکی قۆناخبەند و وردیان پەسەند کردووە.

رۆژی چوارشەممە 20ـی ئاب، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 60 هەزار هێزی یەدەگ بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی شاری غەزە پلانی بۆ داڕێژراوە، بانگهێشت دەکات.

بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە یەدەگەکان لە مانگی ئەیلوولدا بانگهێشت دەکرێن و زۆربەی ئەو هێزانەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە ئامادە دەکرێن، لە ریزەکانی سوپای چالاکدا دەبن.

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "هێزەکان لەئێستادا لە گەڕەکەکانی زەیتوون و جەبالیا وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ پلانەکە چالاکی دەکەن، پلانێک کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەسەندی کردووە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پێشکەشی کابینەی ئەمنی بکرێت".

هەروەها ماوەی خزمەتی ئەو 20 هەزار هێزە یەدەگەی پێشتر بانگهێشت کرابوون، درێژ دەکرێتەوە.

بەرپرسە سەربازییەکە ئاشکرای کرد کە فەرماندە باڵاکان پلانی ئۆپەراسیۆنێکی قۆناخبەند و وردیان لە ناوەوە و دەوروبەری شاری غەزە پەسەند کردووە، و چاوەڕوان دەکرێت ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپا، لە رۆژانی داهاتوودا پلانی کۆتایی ئامادە بکات.

بە گوتەی هەمان بەرپرس، بڕیارە پێنج فیرقەی سەربازی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشداری بکەن.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.