حکوومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی مافی مانەوەیان لەو وڵاتە نییە ، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوە فراوانەکانی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "بی ئەی میدیا"ـی بریتانی، ئەو رێککەوتنەی کە لەلایەن دان گارڤیس، وەزیری ناوخۆی بریتانیا و لایەنی عێراقییەوە واژۆ کراوە، پرۆسەیەکی فەرمی دادەمەزرێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی گەیشتوونەتە بریتانیا و مافی مانەوەیان لەو وڵاتەدا نییە.
ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێککەوتنەکە لە میانی سەردانێکی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بریتانیا واژۆ کراوە.
وەزارەتی ناوخۆی بریتانیا رایگەیاندووە: "رێککەوتنەکە رێگە بە گەڕاندنەوەی خێرای کۆچبەرە نایاساییەکان دەدات".
ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێکی دیکە دێت کە ساڵی رابردوو بە بەهای 800 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی (یەک ملیۆن و 77 هەزار دۆلار) لەگەڵ بەغدا واژۆ کرا، بە مەبەستی یارمەتیدانی عێراق بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و تاوانی رێکخراو.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتن لەسەر پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکانیان لەبارەی پرسی کۆچەوە.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەریانخستووە، لەدوای رێککەوتنەکانی پێشوو، ژمارەی ئەو عێراقییانەی بە بەلەمی بچووک دەگەنە بریتانیا بۆ 1900 کەس کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر ژمارەکە 2600 کەس بوو.
رێککەوتنی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان نوێترین هەنگاوی سیاسەتەکانی وەزارەتی ناوخۆی بریتانیایە بۆ راگرتنی پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکان لە کەناڵی ئینگلیز.
پێشتریش رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ هەریەک لە ئەلبانیا و ڤێتنام ئەنجام دراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.