دادوەر فایق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، له ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدییهكان رایگهیاند: بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە دهكهین كە دەستیان بە خوێنی بێتاوانی ئێزیدییەكان سوورە.
ئهمڕۆ چوارشهممه 20ی ئاب، لە میانی كۆنفرانسێكدا بۆ یادكردنەوەی جینۆسایدی ئێزیدییهكان، كە لەلایەن سەنتەری نیشتمانی بۆ هاریكاریی دادوەری نێودەوڵەتیی بە هاوكاری زانكۆی ئەمهریكی لە بەغدا رێكخرابوو، فایهق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند: ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژێكی پڕ لە ئازاردا كۆدەبینەوە، كە ساڵیادی برینێكی قووڵە لە دڵی عێراقییهكاندا، تاوانێكی دڕندانەیە بەرامبەر برا و خوشكە ئێزدیەكانمان، كە ویژدانی عێراق و مرۆڤایهتی به گشتیی ههژاند.
زێدان ئاماژەی بەوەشكرد: لەو ڕۆژە تاریكانەدا شاهیدی كوشتنی بەكۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پێشێلكردنی كەرامەتی مرۆڤ بووین، هەزاران هاووڵاتیی ئێزیدیی بێ تاوان شەهید بوون، هەزارانی دیكە بێسەروشوێن بوون، یان بە دیل گیران، لەكاتێكدا رزگاربووان مانەوە و بەردەوامن لە ژیان لەگەڵ ئازاری لەدەستدان و تاڵیی كارەساتهكهدا دهجهنگن.
روونیشیكردەوە: ئەم كارەساتە تەنها هێرشێك نەبوو بۆ سەر گروپێكی دیاریكراو، بەڵكو هێرشێك بوو بۆ سەر مرۆڤایەتی و بەهاكانمان و بوونی هاوبەشمان.
فایهق زێدان زیاتر گوتی: ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە كاتێكدا ئەم ساتە ئازاربەخشانە بە بیر دێنێتەوە، ئەمڕۆ پابەندبوونی چەسپاوی خۆی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە نوێ دەكاتەوە كە دەستیان بە خوێنی بێتاوانەكان سوورە, یاسا هیچ ئیستسنایەك نازانێت بهرامبهر بكهرانی ئهو تاوانه ناخههژێنهی دهرحهق به ئێزیدییهكان كرا.
تەئكیدیشیكردەوە: سەنتەری نیشتمانی هاوكاریی دادوەری نێودەوڵەتی رۆڵێكی سەرەكی بینی لە ئەرشیفكردن و پاراستنی بەڵگەكانی پەیوەست بەم تاوانانە و لە بەڵگەنامەكردنی ئیفادەی رزگاربووان و قوربانییەكان بەپێی ستانداردە وردەكان كە دڵنیای دەدەن لە یەكگرتوویی فایلە دادوەرییەكان.
وتیشی: ئەم هەوڵە ناوازەیە زۆر گرنگه نەك تەنها بۆ دادگاییكردنی تاوانباران، بەڵكو بۆ پاراستنی دادپەروەری بۆ نەوەكانی داهاتوو و دڵنیابوون لەوەی كە ئەم تاوانانە لە یادەوەری دادپەروەرییدا بە زیندووی دەمێننەوە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.