Erbil 31°C یەکشەممە 30 ئاب 08:20

وەزارەتی رۆشنبیری كتێبخانە و ئەرشیف و دەستنووسەكانی مامۆستا عەزیز گەردی كڕییەوە

کوردستان TV
100%

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەستنووس و کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردی کڕییەوە. بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا بخرێتە خزمەتی سوودی گشتی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، وردەکاری پڕۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی خستەڕوو و ڕایگەیاندبوو "لە هەوڵەکانی بەردەوامە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا".

بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی رۆشنبیری لیژنەیەکی پێکهێنابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکان.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، بە بڕیاری دادگا مافی خاوەندارێتی کتێبخانەکە لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا بەخشرا بە یەکێک لە میراتگرەکان، دواتر وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕییەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند: لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە کە زیاتر لە 18 هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لەخۆ دەگرێت، دەخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی "کتێبخانەی د. عەزیز گەردی" بۆ دەکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.