Erbil 31°C یەکشەممە 30 ئاب 01:00

دیداری د. فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تۆڕی میدیای کوردستان

کوردستان TV
100%

وەرگێڕان : مستەفا حەمەدەمین

 بەخێرهاتنت دەکەم بۆ ئەم دیدارە تایبەتە لە هەولێر. دەزانم داواکاریی زۆر لەسەر جەنابت هەبووە لەم رۆژانە و‌ سەرەتا زۆر سوپاست دەکەم بۆ قبووڵکردنی بانگهێشتی ئێمە بۆ ئەو دیدارە تایبەتە.

ـ سوپاس بۆ ئێوە و سڵاو و رێزم بۆ بینەرانی کەناڵی شەمس.

کە هاتییە ستۆدیۆ زانیت کە دۆسیەیەکی زۆر هەیە و تەوەری گەورەش هەن. ناوچەکە دەکوڵێت. ئەو گۆڕانکارییانەی لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، گۆڕانکاریی مێژوویی و گەورە و هەژێنەر‌ بوون بۆ زۆرێک لە کەسانی سیاسی و دیپلۆماسی و هەتا گەلانیش. دەمەوێ بە پرسیاری یەکەم لە عێراق دەست پێ بکەم. چۆن عێراق تاوەکوو ئێستا لەم ئاگرانەی چواردەوری رزگاری بوو.

ـ عێراق لە ئەنجامی دیراسەی راستی زیندووی هەرێمی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو واقیعە رزگاری بوو، لەسەر بنەمای یەکەم، پاراستنی عێراق و دووەم، دوورخستنەوەی عێراق لە ئاگری شەڕ و هەروەها لە ئەنجامی پەیوەندییە بەهێزەکانی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکان کە کاریگەریی روونی هەبوو لە دوورکەوتنەوەی عێراق لە ئاگری شەڕ. سوپاس بۆ خوا تا ئێستا لەمەدا سەرکەوتووین.

لێرەدا رۆڵی تۆ بنەڕەتی بوو و سەردانەکانتمان بینی؛ چۆن قەناعەتت بە حکوومەتی عێراق کرد؟ کە دوایی قسەی لەسەر دەکەین، ئێستا ناتوانین بڵێین کە ئەو حکوومەتە توانای هەیە بەسەر هەموو ئەو گرووپانەدا زاڵ بێت کە دەیانەوێت بچنە ناو ئەو شەڕەوە. یەکەم چۆن توانیت قەناعەت بە حکوومەتی عێراق بکەی کە نەچێتە ناو ئەو پڕۆسەیەوە؟ و لەسەر چی، پەیوەندییەکانت چڕ کردەوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ پاراستنی عێراق لەو تراژیدیایە؟

ـ  ئەمە پشتی بە دوو کۆڵەکە بەست. کۆڵەکەی ناوخۆیی و کۆڵەکەی دەرەکی. کۆڵەکەی یەکەم بەڕێز سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییەکان لە حزبە شیعەکان دەستیان بە گفتوگۆی زۆر کرد لەگەڵ سەرکردەی گرووپەکان و مەترسیی دۆخەکەیان لەبارەی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە دەستی گرووپەکان‌ و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و کارکردن لە دەرەوەی سیاسەتی حکوومەت باس کرد. گفتوگۆکان لە ناوخۆدا هەبوون. کۆڵەکەی دیکە کە کۆڵەکەی دەرەکییە، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکە دەستمان کرد بە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تایبەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتە ئەورووپییە کاریگەرەکان لەسەر سیاسەتی ئیسرائیل کە باندۆریان لەسەر ئیسرائیل هەبێت لەوەی کە گۆڕەپانی شەڕ فراوانتر نەکات و گۆڕەپانی عێراق نەخاتە ناو گۆڕەپانی شەڕەوە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە شەڕ لە غەززە دەبێت هۆی هەڵگیرسانی شەڕی دیکە؛ واتا ئەو قسەیەمان کرد کە ئەو شەڕە دەبێتە هۆی هاتنەدی شەڕی دیکە. هەروەها ئاراستەی شەڕەکەمان دەبینی لە غەززە و باشووری لوبنان و ئەوکات لە سوریا و ئێران. جوگرافیای عێراق دەکەوێتە ناو جوگرافیای شەڕەوە. لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهانی دەرەوە و جیهانی رۆژئاوا بۆمان باس کردن کە  عێراق نایەوێت ببێتە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ. ئەوکات هێندێک باسیان لە یەکبوونی گۆڕەپانەکانی شەڕ دەکرد، ئێمە بە ئاشکرا ئەوەمان گوت کە ئێمە یەک گۆڕەپانمان هەیە، ئەویش گۆڕەپانی عێراقە و یەکێتیی گۆڕەپانەکان کاری کەسانی دیکەیە نەک ئێمە. بۆ پاراستنی گۆڕەپانی عێراق کە دوور بێت لە گۆڕەپانی دیکە توانیمان عێراق تا ئەو ساتە بپارێزین. و‌ بەو کارە دوولایەنە لە ناوخۆ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەڕێز سەرۆک وەزیران و سەرکردەی حزبەکان و کارکردن لە دەرەوە وەزارەتی دەرەوە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهانی دەرەوە سەرکەوتوو بووین لە پاراستنی عێراق لەو شەڕە.

بەڵام جەنابی وەزیر، کارەکە وا دەردەکەوێت کە نیمچە مەحاڵ بوو، بە تایبەت کە ئێران جووڵەی بە هەموو باڵەکان لە ناوچەکە دەکرد. ئەمە قسەیەکی دیپلۆماسی نییە، هەموو دەزانن چۆن جووڵەی بە حزبوڵڵا دەکرد، چۆن جووڵەی بە حووسییەکان دەکرد، چۆن حەماسی لە غەززە دەجووڵاند، لە عێراق گرووپی شیعە هەن کە وەکوو حزبوڵڵا ئینتمای خۆیان بۆ ئێران راگەیاند؛ چۆن توانیتان ئەو گرووپانە لە بابەتی یەکێتیی گۆڕەپانەکان و بەشدارییان لەو شەڕەدا کۆنترۆڵ بکەن.

ـ گرووپەکان یەکێتیی گۆڕەپانەکانیان دەخستە ڕوو و هێشتاش هەر دەیخەنە ڕوو و هێشتاش بابەتی گرووپی موقاوەمە دەخەنەڕوو. بەڵام سەرەنجام ئەوە حکوومەتە کە بڕیار دەدات. سیاسەتێکی ڕوون هەبوو: کێ لە عێراق و گۆڕەپانی عێراق بڕیاری حاڵەتی شەڕ و باری لەناکاو دەدات؟ ئایا بڕیار لە دەستی گرووپەکانە یان لە دەستی حکوومەتە؟ لە کۆتاییدا حکوومەت توانی گرووپەکان لە حاڵەتی شەڕ دوور بخاتەوه.

لەوانەیە ‌سەرکردەی گرووپەکان قەناعەتیان بەمە نەبووبێت، لە راستیدا ئەمەیان راگەیاندبوو و لە دەرەفەتی دیاریکراودا هێرشیان دەکردە سەر بنکەکانی ئەمریکا، بەڵام لەو باوەڕەدام کە پەیامەکە گەیشت لەوەی کە ڕووخانی بارودۆخ لە عێراق و چوونی عێراق بۆ ناو شەڕ واتا رووخانی گرووپەکان لە راستیدا و هەروەها چوونەناوەی تەواوی کۆمەڵگەی عێراقی و حکوومەتی عێراقە بۆ ناو شەڕ، عێراق ناتوانێت بچێتە ناو شەڕەوە و بڕوای بەمە نییە.

حکوومەتەکەتان ئەگەر توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانەی هەیە، بۆچی ئەو حکوومەتە ناتوانێت چەک لەو میلیشیایانە داماڵێت؟

ـ چەکداماڵێن پرسێکی دیکەیە، من وای دەبینم پرسی چەکداماڵین نابێ لە رێگەی توندوتیژییەوە بێت، چەکداماڵین واتا شەڕی ناوخۆیی، شەڕی ناوخۆ لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی عێراقی و لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق نییە.

شەڕی ناوخۆ مەبەستت کێ و کێیە؟

  ـ چەکدانان بە بێ قەناعەت واتا توندوتیژی

واتا مەبەستت سوپای عێراقی و.....؟

ـ من ناڵێم لە نێوان سوپای عێراق و گرووپەکان، بەڵام چەکدانان بە بڕیاری حکوومەت سەختە، پێویستە مامەڵە لەگەڵ هاوسەنگیی هێزەکان بکەین. من قسە لەبارەی هاوسەنگیی سەربازی دەکەم، بەڵام پێویستە قسە لەبارەی ئەو بابەتانە نەکەین کە دەبنە هۆی شەڕی ناوخۆیی، کەواتە پێویستیمان بە گفتوگۆ هەیە.

بەڵام گفتوگۆ لەسەر چی؟ سەبارەت بە هاووڵاتییەکی ئاسایی عێراق پاساو چییە کە چەکی نایاسایی بوونی هەبێت لە سێبەری دەوڵەتێکی نێودەوڵەتیی شەرعی کە حکوومەت و سوپای هەبێت؟

ـ نا نا، ئێمە قسە لەبارەی گفتوگۆ دەکەین لەپێناو ئەوەی کە لەم رێگەیەوە بگەینە لێک تێگەیشتن بۆ چەکدانان. لەو کاتەدا ناتوانرێت چەکدانان لە رێگەی توندوتیژی بکرێت، ئەمە دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی ژیرانە هەیە، یەکەم: لە چوارچێوەی حزبە شیعەکان و سەرکردە شیعەکان، عێراق بە کوێ دەگات؟ دووەم: پێویستیمان بە چوارچێوەی نیشتمانی هەیە، واتا بابەتی ئاسایش و ئاسایشی عێراق تەنها لە یەک پێکهاتەدا کۆ نەکراوەتەوە، ئاسایشی عێراق پەیوەستە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، واتا پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی هەیە، بەڵام پێش گفتوگۆی نیشتمانی پێویستیمان بە گفتوگۆی شیعی ـ شیعی هەیە، بەڵام بە داخەوە تا ئەم ساتە، سەرباری ئەوەی هێندێک تێگەیشتن هەیە، بەڵام گفتۆیەکی ژیرانە لەم بابەتەدا نییە. گفتوگۆ لەم ساتەدا پەیوەستە بە نەبوونی پڕۆسەیەک یان سڕکردنی پڕۆسەیەکی سەربازی.

ئەمە واتا تێوەگلانی عێراق لە شەڕی ناوخۆیی

ـ عێراق تووشی ئاگری شەڕ نەبێت. بەڵام لە کۆتاییدا باس لە دامەزراوەی ئەمنیی سەربازی دەکەین و باس لە مەرجەعیەتی بڕیار دەکەین. مەرجەعیەتی بڕیار پێویستە بە گوێرەی دەستوور بێت، پێویستە بە دەستی دەوڵەت و حکوومەت بێت، چەک لە دەرەوەی دەوڵەت قبوڵکراو نییە، کەواتە  چۆنییەتیی چەکداماڵین لە دەرەوەی دەوڵەت؛ ئەمە پرسیارەکەیە!  من لە لای خۆمەوە وەک وەزیری دەرەوە و دیپلۆماسییەک، هیچ شتێکی دیکە جگە لە گفتوگۆ نابینم.

 بەڵام ئەم گفتوگۆیە ئەگەر بەشێوەیەکی پەسند بیچوێنین بە دۆخی لوبنان بە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی کۆماریان لە ئەنجومەنی نوێنەران وادەی کۆتایی ساڵیان داناوە بۆ چەکدانان؛ دوای ئەوە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ حزبوڵڵا بۆ چەکدانان بۆ ماوەی چل ساڵ دەگەرێتەوە،  واتا ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ میلیشیاکان ناگاتە هیچ ئەنجامێک؟ 

ـ ئەو گفتوگۆیەی کە چل ساڵ لە لوبنان هەبوو، گفتوگۆی فیشەک و چەک بوو، بەڵام گفتوگۆی عەقڵ نەبوو، ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆیەکە لە جۆری دیکە، ئێمە لەم کاتەدا پێویستیمان بە گەرەنتی هەیە، من وا بیر ناکەمەوە کە چەکدانانی حزبوڵڵا لە لوبنان لە رێگەی توندوتیژییەوەیه دەکرێت، ئەمە ناکرێت، دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، راستە شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی سەرکەوتنی لایەنێک و تێکشکانی لایەنێکی دیکە، بەڵام دەبێتە هۆی وێرانبوونی کۆمەڵگە و قوربانیی لێ دەکەوێتەوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە  ئایا چەکدانان چ لە عێراق بێت یان لە لوبنان بێت یان لە شوێنی دیکە بێت، دەبێ لە رێگەی چەکەوە بێت بۆ تێکشکاندنی چەکی ئەوانی دیکە یان دەبێ لە رێگەی گفتوگۆی ژیرانەوە بێت. هیچ چارەسەرێک نییە تەنها لە رێگەی گفتوگۆوە نەبێت.

دەکرێ وەک ئەوە بێت کە لوبنان ڕووی دا لە رێگەی هێرشی ئیسرائیلەوە  و ئەوەی بەسەر حزبوڵڵای لوبنان هات؟ 

ـ هەتا لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر حزبوڵڵا، هێشتاش چەک لە لوبنان هەیە، من قسە لەبارەی چەکدانان دەکەم، لێدانی سەربازی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز، گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی سەربازی، بەڵام من قسە لەبارەی پرسی چەکدانان دەکەم، چەکدانان تەنها لە رێگەی گفتوگۆوە دەکرێت.

جەنابی وەزیر پرسیارێکی راستەوخۆ کە لە زۆرێک لە عێراقییەکانم بیستووە، ئایا ئەمڕۆ ئێران بە کردەیی حوکم بەسەر عێراقدا دەکات؟

ـ ئەمە راست نییە، بەڵام ئەمەش راست نییە کە بڵێین ئێران کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی عێراق نەبیت، واتا کێشە لە دوای 2003وە.... پێش 2003 بڕیاری عێراقی، ئابووری عێراق و سیاسەتی عێراق لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بوو، پێش 2003 سەروەریی عێراق نەبوو، نە بڕیاری عێراقی، نە ئابووریی عێراقی هەبوو، هیچ شتێک نەبوو. لە واقیعدا سەروەریی عێراق لە 1991ەوە نەما. عێراق لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بوو، چاودێریی نێودەوڵەتی حوکمی بەسەر عێراقدا دەکرد، هەتا ژووری سەرۆک کۆمار و کۆشکەکانی سەرۆک کۆمار لە بن ئامانجی پشکنینی بەردەوامدا بوون، بۆیە سەروەری لە عێراق نەمابوو. لە 2003 بە هۆی دەستێوەردانی نێودەوڵەتیی سەربازی، دیسان سەروەری نەما، سوپای زۆر لە عێراق هەبوون، لەناویشیاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە 1991ەوە قەیرانی سەروەریمان هەبووە. گەڕاندنەوەی سەروەری پێویستیی بە بنیادنانی خود هەیە و پرسی بنیادانانی خود رێڕەوێکی سیاسییە کە لە 2003 و 2005 لەگەڵ دەستوور دەستی پێ کردووە لەگەڵ بنیادانانی دامەزراوەکان. هەموو ئەوەی کە جەخت لەبارەی بنیادانانی خود دەکرا، دەستێوەردانە بیانییەکان بڕیاریان دەدا. هەموو وڵاتانی دراوسێ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستێوەردانیان لە پرسە سیاسییەکانی عێراقدا دەکرد، یان دەستێوەردانیان لە پرسی سیاسی و بڕیاری سیاسی دەکرد، هەتا دەستێوەردانیان لە پرسی سەربازیشدا دەکرد. ئەمە ڕوونە، واتا کاتێک کە ئێمە دەڵێین عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام هەروەها مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەین کە کاریگەریی گەورەی وڵاتانی دراوسێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق هەیە لەناویشیاندا کاریگەریی ئێران کە بەراورد بە وڵاتانی دیکە گەورەترە.   

قسە لەبارەی کاریگەریی ئێران دەکەین، دوێنێ سەردانێکی لاریجانی بۆ عێراق و بەیرووت و لایەنە پەیوەندیدارە سیاسییەکان هەبوو،  لە بەیروت بە نانی بەیانی و هەروەها لێدوورکەوتنەوە لە لایەن سەرکردە فەرمییەکانەوە پێشوازیی لێ کرا، بە گەرمی لە لایەن حزبوڵڵاوە پێشوازیی لێ کرا، بەڵام سەرۆکی لوبنان بە ئاشکرا داوای کرد کە دەست لە کاروباری لوبنان وەرنەدەن، هەروەها سەرۆکی حکوومەتیش ئەو داوایەی کرد. بەڕێز لاریجانی چیی لە هەگبەیدا هەبوو؟ بۆچی هاتە عێراق؟  ئايا سەردانەکەی بۆ خۆشکردنی دۆخەکە بوو کە پێی دەگوترێت میحوەری موقاوەمە؟

ـ لەو باوەڕەدا نیم، بەڕێز لاریجانی پێگەیەکی نوێی وەرگرتووە کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، لە راستیدا پێویست بوو، ئەو سەردانەی پێشتر کردبوایە، ئەمە سەردانێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو، کە ئەو پۆستەی وەرگرت سەردانی عێراقی کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی ئێرانی ـ عێراقی پەیوەندیی ناسراو و ڕوونن، پەیوەندیی جوگرافی، مێژوویی، رۆشنبیری، سیاسی و بازرگانین.

پرسی سەردانی بەڕێز لاریجانی کە شەرەفمەندبووم بە پێشوازیکردنی لە شوێنی نیشتەجێبوونم، گفتوگۆى روونمان هەبوو لەبارەی چۆنییەتیی پەیوەندییەکان و چۆنییەتیی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاگری شەڕ. ئاڵنگاریی گەورە هەن، ئاڵنگاریی پەیوەست بە ئێران، هەروەها ئاڵنگاریی پەیوەست بە عێراق و تەواوی ناوچەکە هەیە. بۆیە پێویستیمان بە دیدار هەیە، ئەم دیدارانە سروشتین، سەید لاریجانی هیچ نامەیەکی دیاریکراوی پێ نەبووە وەک ئەوەی لە راگەیاندنەکان باس دەکرێت، بەڵکوو گفتوگۆیەکی ڕوون هەبوو لەبارەی ئەو خاڵانەی کە لە دیدگای ئێرانەوە سەبارەت بە کۆی پرسەکان لە ئارادان، پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق.

دیدگای ئێران ئەمڕۆ بە دیاریکراوی چییە؟  چی لە عێراق داوا دەکات لەوەی کە لە ناوچەکە روودەدات؟   

ـ لەبارەی هەموو شتێک، بە پێچەوانەوە، لایەنی ئێرانی سوپاسی لایەنی عێراقیی کرد بۆ هەڵوێستەکانی سەبارەت بە شەڕی سەر ئێران کە ناویان لێناوە شەڕی 12 رۆژە، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیان کرد، هەروەها سەرباری سوپاسکردنی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا بە تایبەت لە بواری ئابووری و هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و ئێران و وڵاتانی دیکەش کرا.

جەنابی وەزیر، کارت(وەرەقەیەک) هەیە بەسەر لوبناندا سەپێنراوە یان تیایدا لوبنانییەکان ئامۆژگاری کراون لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کە حزبوڵڵا لە چەک دابماڵرێت، یان چەکی نایاسایی دابماڵرێت، ئایا ئەمڕۆ هیچ کارت یان فشارێکی ئەمریکی هەیە لەسەر ئێوە وەک عێراقییەکان کە چەک دابنێن یان ئەوەتا ئەمڕۆ هەڕەشەی ئەمریکاتان لەسەر نییە؟

ـ نا، یەکەم، ئێستا هیچ کارتێکی ئەمریکی نییە وەک ئەوەی ئاماژەت پێدا لە لوبنان هەیە، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا روونە و ئاشکرایە سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی کە لە پەرلەمانی عێراق خراوەتە ڕوو، هەروەها سەبارەت بە گرووپەکانیش هەڵوێستی ئەمریکا ڕوونە، هەڵوێستی سیاسیی ئەمریکا روونە سەبارەت بە پرسی گرووپەکان و حەشدی شەعبی.

ئەگەر عێراق ئەمە جێبەجێ نەکات چی دەبێت، ئەمریکا چی دەکات؟

ـ پێویستە بیر بکەینەوە، پێویستیی عێراق.. لە پێویستیی عێراق و بەرژەوەندیی عێراقییەوە سەردەردەکەین، ئایا پێویستی و بەرژەوەندیی عێراق پێویستیی بە ناوەندی هێزی سەربازی و ئەمنیی جۆراوجۆر هەیه؟ یان یەک ناوەند و مەرجەعییەت سەبارەت بە گرتنەبەری بڕیاری ئەمنی و سەربازی، پێویستیمان بە یەک مەرجەعییەت هەیە، ئەمە بابەتێکی دەستوورییە. بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەمریکا یان وڵاتی دیکە داوای لێ کردووین، بەڵکو ئەمە پێویستییەکی عێراقییە. واتا گرووپەکان یان هەتا لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەی حەشدی شەعبی هەڵسوکەوت دەکەن، چۆن؟ چۆن؟ مەرجەعییەت لە کوێیە؟ ئەگەر گرووپەکان رایدەگەیەنن کە بەشێکن لە حەشد، ئەمە واتا حەشد لە بن بڕیار یان مەرجەعییەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن کە بەڕێز سەرۆک وەزیرانە. بەڵام ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی ئەمە و هەتا لە دەرەوەی چوارچێوەی حەشد هەڵسوکەوت دەکەن، ئەمە واتا دەگەینە کوێ؟! بۆیە پێویستیی عێراقەوە کە داوای ئەو گفتوگۆیە دەکات. من باسم کرد کە بابەتی چەکی گرووپەکان پێویستە بەشێک بێت لە گفتوگۆی شیعی ـ شیعی و گفتوگۆی نیشتمانی بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی ئەرێنی و وڵات لە توندوتیژی بپارێزین.    

وای دەبینی کە گەڕی دووەمی شەڕ دژی ئێران دەست پێ بکاتەوە؟ دیدگای تۆ چۆنە، ئایا ئەمە دوای شەڕی 12 رۆژە کۆتایی هاتووە و پەیامەکە گەیشتووەتە ئێران؟ یان ئیسرائیل و بە راشکاوی ناتانیاهوو رووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟ وای دەبینی کە هەر گەڕی یەکەم هەبوو، یان گەڕی دیکەش دێتە پێش؟ بە گوێرەی شیکردنەوەی سیاسیی خۆت؟

ـ ئەمە شیکردنەوەی شەخسیی خۆمە، پشت بەوە دەبەستێت کە گوێم لێیە، چ لە راگەیاندن چ لە دیدارەکانم لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان و هاوشانەکانم، وەزیرانی دەرەوە، بۆیە ئەمە لە چوارچێوەی شیکردنەوەی شەخسیم دادەنێم، دیارە لە راگەیاندن و قسەکانەوە کە هێشتاش باس لە شەڕ دەکەن. هێشتاش لۆژیکی شەڕ زاڵە بەسەر سیاسەتی ناوچەکە. قسەی لۆژیکی شەڕ دەشگەڕێتەوە بۆ بنەمای راگرتنی شەڕ. دوای شەڕی 12 رۆژەی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران،  هەموولایەک قسە لەباری راگرتنی شەڕ دەکەن، قسەیان لەبارەی ئاشتی نەکردووە، بۆیە لێرەدا جیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان حاڵەتی دیاریکراوی تایبەت بە راگرتنی شەڕ و قسەکردن لەبارەی ئاشتی. راگرتنی شەڕ واتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دۆخەکە بۆ دۆخی شەڕ دەگەرێتەوە. هەڕەشەکانی ئەم دواییەى ئیسرائیل و نەبوونی بەرەوپێشچوون بۆ دانوستانی پڕۆژەی ئەتۆمی و هەڵوێستی ئەم دواییەی سێ وڵاتەکەی ئەورووپا فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا کە هەڕەشەی گەڕانەوەی دۆخی پێش 2015 دەکەن کە ئەوکات رێککەوتنی ئەتۆمی کرا و بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش سزای زۆر بەسەر ئێراندا سەپێنران، ئێستا ئەورووپییەکان هەڕەشە دەکەن یان باسی ئەوە دەکەن کە بگەڕێنەوە دۆخی پێش 2015  ئەمەش مانای ئەوەیە کە فشاری زۆری ئەورووپیش لەسەر ئێران هەیە. کەواتە هەموو ئەوە بابەتانە دەبنە هۆی ئەوەی کە وا بیر بکرێتەوە  کە ئەگەر هەیە و هەڕەشه بەردەوامەکانی ئیسرائیل گەڕێکی دیکەی هێرشکردن دەست پێ بکات. لەو باوەڕەشدام کە لایەنی ئێرانی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەو هێرشە، هەتا لە ناو ئێرانیش قسە هەیە کە پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەڕێکی دیکەی شەڕ.

ئایا عێراق ئامادەیە ئەگەر گەڕێکی دیکەی شەڕ دەست پێ بکات؟

ـ ئێمە هیوادارین گەڕێکی دیکەی شەڕ نەبێت، هەروەها ئێمە دژی مەبدەئی شەڕین، ئەگەر ئاگری شەڕیش هەبێت لە چواردەوری عێراق جوگرافیا و کۆمەڵگەی عێراق لە شەڕ بپارێزین واتا خۆمان بپارێزین.

ئایا ئێوە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لایەنگریی عێراق رادەگەیەنن؟  

ـ ئێمە لایەنگر نین، یەکەم: ئێمە دژی شەڕین، وای نابینین کە چارەسەری پرسەکان لە رێگەی شەڕ و کوشتنەوە دەبێت، عێراق ئازاری زۆری لە شەڕەکان بینیوە، ئەو وێرانبوونەی عێراق کە ڕووی داوە و هێشتاش هەیە لە ئەنجامی ئەو شەڕە بەردەوامانە بوو. بۆیە ئێمە لە بنەمادا باوەڕمان بە شەڕ و چارەسەری کێشەکان لە رێگەی توندوتیژییەوە نییە. دووەم: ئەرکی ئێمەیە عێراق بپارێزین، بەڵام عێراق هێزی زبری نییە، ناتوانین عێراق لە رێگەی هێزی زبرەوە بپارێزین. ئێمە لە رێگەی هێزی نەرمەوە مامەڵە لەگەڵ ململانێکانی ناوچەکە دەکەین. هێزی نەرم پشت دەبەستێت به پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەمە تاکە چارەسەرە، جگە لە هێزی نەرم هێزی دیکەمان نییە، هێزی نەرم پشت بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەبەستێت.

لەم میحوەرەدا پرسیارێکی سیاسی، بە شیکردنەوەی خۆت، دەگوترێت لێدانی داهاتووی ئێران ئەگەر لێی بدرێت، بە ئامانجی رووخانی رژێم دەبێت، ئەمە واتا ئەو رژێمە هەتا دوا سەربازی تەسلیم نابێت، ئایا تۆ رەشبینی لەوەی لە داهاتوو روودەدات، چۆن ئەمڕۆ هێزی ئێرانی دەبینی؟، ئایا هێزی ئێرانی پاشەکشە دەکات، ئێستا قەڵەمڕۆیی ئێرانی لە غەززە و لوبنان و سوریا واتا لێرەدا لێدانی زۆر هەبووە (لە ئێران)، داهاتووی ئێران چۆن دەبینی؟

ـ ئێران لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 دوو ئاراستەی گرتەبەر، ئاراستەی شۆڕش و ئاراستەی دەوڵەت، ئاراستەی شۆڕش بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، ئاراستەی شۆڕش تەنها لە ناوخۆدا نەبوو، بەڵکو لە دەرەوەش بوو، روونە کە ئاراستەی شۆڕش لەم ماوەیە زۆر لاواز بوو واتا رێرەوی شۆڕش لە دەرەوە زۆر سەخت بووە بۆ لایەنی ئێرانی، ئایا ئێران بە تەواوی بە ئاراستەی دەوڵەتدا دەڕوات؟ ئەگەر بەم ئاراستەیە بڕوات واتای ئەوەیە بەرژەوەندیی دەوڵەت و رژێم دەبێتە کاری لەپێشینە.

ئەمە ئاراستەیەکی نوێیە، شیکردنەوەیەکی دروستە لە دیپلۆماسیەتدا

ئەگەر ئێران بە ئاراستەی دەوڵەتدا بڕوات، ئایا حکوومەتی ئێران بڕیار دەدات یان دەگاتە لێک تێگەیشتنی نوێ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی سەبارەت بە پڕۆژەی ئەتۆمی؟ بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە پەیوەندیی بە پڕۆژەی ئەتۆمییەوە هەیە. ڕوونە کە لایەنی رۆژئاوایی، من تەنها باسی ئەمریکا ناکەم، قسە لەبارەی جیهانی رۆژئاوا دەکەم، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە رێگە بە ئێران نادەن چەکی ئەتۆمیی هەبێت. ئێرانییەکانیش کە لەگەڵیاندا باس دەکەین رایدەگەیەنن ئەوان بە نیازی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نین، بەڵکوو ئەمەیان بەستووەتەوە بە بابەتی شەرعی و ئایینی و مەبدەئی، کەواتە ئەگەر ئامانج بەرهەم نەهێنانی چەکی ئەتۆمی بێت، لێکتێگەیشتن دێتە دی. پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئامانجی ئاشتیخوازی شتێکی سەخت نییە. لێرەدا ناکۆکی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم هەیە، لایەنی ئەمریکی و رۆژئاوایی دەیانەوێت بگەڕیتەوە بۆ ئاستی سفر، لە کاتێکدا لایەنی ئێرانی سورە لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندندنی رێژەیەکی دیاریکراو، بەڵام رێژەی ئێستا قبوڵکراو نییە کە گەیشتووەتە 60%ی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەگەر لایەنی ئێرانی گەیشتە ئەو قەناعەتەی دەست بە دانووستان لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، لەو باوەڕەدام کە پرسی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەوەستێت بۆ چاودێریکردنی رێرەوی دانووستان. بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستان و رێرەوی دانووستان دەبێتە هۆی تەنها یەک ئاراستە، ئەویش رێرەوی فشار لە هەردوولا یان زیادکردنی سزاکان لەسەر ئێران و ئەورووپییەکان دەگەرێنەوە بۆ سیاسەتی پێشوو لەگەڵ فشاری سەربازی.

 جەنابی وەزیر چی لەبارەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیه، هێزەکانی ئەمریکا‌؟ دەگوترێت بەشێک لە گرووپەکان بەهانەی ئەوە دەگرن کە چەک دانانێن هەتا ئەوەی ناونراوە (داگیرکاری) کۆتایی نەیەت یان بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئایا وای دەبینیت کە عێراق ئەمڕۆ ئامادەیە  داوا لەو هێزەکان بکات لە عێراق بکشێنەوە. ئێوە لە ڕووی ئەمنییەوە ئامادەن؟

ـ یەکەم: بوونی ئەو هێزانە بە هۆی هەبوونی کەلێنی هێزەکانی عێراقی لە رووی جوگرافی و ناوچەکە و بە ناگهێشتی ئێمە بووە. ئەو هێزانە بە هۆی بانگهێشتی ئێمەوە هاتوون. هێزەکانی هاوپەیمانی لە بنەڕەتدا لە پێناو عێراق دامەزراون. ئەگەر هێزەکانی عێراق و هێزەکانی دیکەش نەبوونایە لە وڵاتانی دیکەی دۆست، ئێستاش داعش بەسەر بەشێکی زۆری خاکی عێراقدا زاڵ دەبوو. بەغدا لە ژێر هەڕەشەی هێزەکانی داعشی تیرۆریستدا بوو. فڕۆکەخانەی بەغدا، هەولێر لە ژێر هەڕەشەدا دەبوون. پایتەختی فیدراڵی لە ژێر هەڕەشەی داعشدا بوو، پایتەختی هەرێم، هەولێر، لەژێر هەڕەشەی داعشدا دەبوو. ئەگەر هێزەکانی هاوپەیامنی نەبوونایە لە دۆخێکی تراژیدیدا دەبووین.

 هیچ خشتەیەکی هەیە؟

ـ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەبوو‌، بەڵام گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان هەموویان بەر لە ڕووداوەکانی غەززە و شهڕی سەر غەززە و شەڕی لوبنان و گۆرانکارییەکانی سوریا هەبوون. ئێمە ئێستا لە گۆڕەپانی شەڕداین. پرسیار ئەوەیە: کێ عێراق دەپارێزێت.

عێراق دەڵێ کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای هەیە؟

ـ هێزی حەشدی شەعبیمان هەیە بەڵام شەڕ شەڕێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیمان هەیە. پێویستیمان بە دۆستی بەهێز هەیە. عێراق پێویستی بە دۆستی بەهێز هەیە بۆ پاراستنی خۆی. ئێمە قسە لەبارەی دوورخستنەوەی عێراق لە ئاگری شەڕ هەیە. پێویستیمان بە دۆستێکی بەهێز هەیە تا پاڵپشتیمان بکات هەر وەک ئەو دۆستە پاڵپشتیی کردووین لە دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە عێراق. پێویستیمان بە دۆستی بەهێز هەیە.

 من ڕێزی ئەو قسەیە دەگرم کە جەنابت دەیڵێی، بەڵام ئەمڕۆ عێراق دابەش بووە، بەشێکی زۆر لە عێراقییەکان ئەمریکا بە داگیرکار دەزانن وە پێویستە بەرەنگاری هێزەکانی هاوپەیمانی ببنەوە بۆ دەرکردنیان.

ـ من وای نابینم بەشێکی زۆر بن.

بەشێکی کەم؟

تێگەیشتن هەیە لە نێوان لایەنی ئەمریکی و لایەنی عێراقی، هەروەک گوتم ئەمریکا لە گۆڕەپانی عێراقە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ عێراق. وە لێکتێگەشتن هەبووە لە لایەنی ئەمریکی و هاوپەیمانی بۆ رۆیشتنیان، بەڵام ئەمانە هەموویان بەر لە ڕووداوە مەترسیدارەکانی ئەم دواییە بوون.

دەمەوێ بچینە سەر یاسای حەشدی شەعبی بە کورتی چونکە دەمەوێ بچینە سەر بابەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، کۆتاییی ئەو یاسایه (یاسای حەشدی شەعبی) کە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە و ئەمریکییەکان جۆرێک لە ڤیتۆیان لەسەر داناوە کە یاسا بەبەر بابەتی حەشدی شەعبیدا دەکات، بە ڕای تۆ چۆن دەکرێت چارەسەری ئەو یاسایە بکرێت، ئايا ئێوە لەم بابەتەدا لەگەڵ ئەمریکان؟

ـ یەکەم : دەرکردنی یاسا بابەتێکی ناوخۆییە و لە کارەکانی پەرلەمانه لە راستیدا‌. ئەمە شتێکی سروشتییە، یاسا دەخرینە روو. بەڵام کاتی یاساکە کە من ئێستا رادەگەیەنم، من تاکە وەزیر بووم که لە ئەنجوومەنی وەزیران‌ گوتم ئێستا کاتی ئەو یاسایە نییە و دروست نییە. بەر لە ناردنی رەشنووسی یاساکە بۆ پەرلەمان باسم کرد کە کاتی ناردنی بۆ پەرلەمان لەم دۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییه و ململانێی ئێران و ئیسرائیل و ململانێی ئەمریکا و ئێران و ململانێی رۆژئاوا و ئێران ناکرێت. وە گوتمان کە دۆخی عێراق لە شەڕ دووربخرێتەوە.

تۆ ڕای دۆستە ئەمریکییەکانت هەیە؟ یان لە روانگەیەکی نیشتمانییەوەیە؟

ـ نا نا.. لە رولنگەی بەرژەوەندییەکانی عێراقەوەیە، لە سۆنگەی تێگەیشتن لە کات و وادەکەیەتی، زۆرجار بابەتێک راستە بەڵام کاتەکەی گونجاو نییە. گوتم کە پرسی دەرکردنی یاسا شتێکی سروشتییە، جا دەرکردنی یاسا پەیوەندیی بە لایەنێکی ئەمنی یان شتی دیکە، دەرکردنی یاسا هەبووە بۆ هەواڵگری و دەزگای ئەمنی و کاردانەوەی نەبووە، بەڵام بابەتی گرووپەکان و حەشدی شەعبی مشتومڕی ناوخۆیی هەیە، سازانی ناوخۆیی نییە لەسەری هەتا بابەتی پەیوەست بە یاسای حەشدیش.بۆ بابەتی ئەمنی و سەربازی پێویستە سازان هەبیت. وە بینیمان کە دانیشتنەکانی پەرلەمان لەسەر ئەم بابەتە نەکران. پێویستە ئەم بابەتە بۆ قۆناغێکی دیکە دوابخرێت.

جەنابت  دیدارت هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێز مارکۆ رۆبیۆ، لەبارەی چی گفتوگۆتان کرد و بە دیاریکراوی چی لێ داوا کردی؟ داواکاری هەبوو؟

ـ گفتوگۆ هەبوو، دیدگای ئەمریکا هەیە چ لە کۆبوونەوە تایبەتەکان و ئاشکراکان هەمان شتە. ململانێی ناوچەکە ئەوان وای دەبینن کە ململانێی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکەیە، دۆخی عێراق هەستیارە، عێراق دراوسێی ئێرانە، هەروەها دۆستی ئێرانە، بەڵام هەروەها عێراق دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایه لە راستیدا‌، وە دەتوانین لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا کۆبکەینەوە و کۆشمان کردوونەتەوە. من ئەو بابەتە بۆ مێژوو دەڵێم، لە ئیدارەی پێشوو، بەر لە کۆتاییهاتنی ئیدارەی پێشوو، مانگی نۆ بوو لەسەر داواکاریی لایەنی ئێرانی هەردوولامان لە دانیشتنێکی نهێنی لە نیویۆرک کۆکردەوە. کەواتە عێراق دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لەو چوارچێوەیەدا. بەڵام یەکەم: لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و دووەم لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە و هەروەها لە بەرژەوەندیی عێراق وا دەخوازێت کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە کەم بکرێنەوە، هەتا گرژی و ئاڵۆزی هەبێت لە ناوچەکه بە تایبەت بە ئاراستەی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، گۆڕەپانی عێراق بۆ گۆڕەپانی شەڕ دەگۆڕدرێت. جوگرافیای عێراق کەوتووەتە جوگرافیای لێوار، لەم بابەتەدا کێشەمان هەیە. کەواتە خۆپاراستن ئامانجی بنەڕەتیمانە.

جەنانی وەزیر رۆڵی نێوەندگیرت گێڕاوە لە نێوان ئەمریکا و ئێرانییەکان

ـ کردمان، بەڵام ئێستا نا، ئێستا ناکۆکیی فراوان هەیە

 ئەمڕۆ رۆڵی نێوەندگیر دەبینن لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا؟

نا نا.. من نێوەندگیر نیم، من وەک کورد نوێنەری هەرێمم و وەکو عێراقی من بەرپرسیاریەتیم لە بەغدا هەیە، من رۆڵی نیوەندگیر ناگێڕم، بەڵام من ناڵیم هەموو واقعی کوردستانی دەزانم، بەڵام ئەوەی من لێی تێگەیشتووم بە هۆی ئەوەی  سێزدە بۆ چواردە ساڵ بەرپرس بووم لە هەرێمی کوردستان، وە بوون و مامەڵەکردنم لە بەغدا لەو ماوەی کە لە هەرێم بووم، دۆخەکە لە بەغدا و حزبە سیاسییەکان لە بەغدا و پەیوەندییە فراوانەکان لە بەغدا و تۆڕی فراوانی پەیوەندییەکان، هەوڵ دەدەم سود لەو پێگە دووقۆڵییە وەرگرم بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکان و خستنەڕووی بەدیلەکان.

تۆ دەڵێی بۆ چارەسەری کێشەکان و خستنەڕووی بەدیلەکان، لە لایەکی دیکەوە بەردەوام ئاڵۆزیی بەردەوام لەو پەیوەندییانە دەبینین، ستەم هەیە کە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە کورد هەستی پێدەکات، کورد پێی وابوو بە رووخانی سەددام حوسێن دۆخەکە دەگۆڕێت، بەڵام وەک دیارە دۆخەکە زۆر نەگۆڕا..

ـ نا، باشتر بووە، بەڵام بە گوێرەی هیوا و ئارەزووەکان و ئەو ئامانجانە نەبووە کە کورد دەیەوێت.

کێشەکە چیە لە راستیدا؟ کێشەی بەغدا لەگەڵ کورد چیە؟

ـ سوپاست دەکەم بۆ ئەو پرسیارە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کورد کە خەباتیان کردووە و هێشتاش خەبات دەکەن واتا خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی، لە پێناو دیموکراسیەت تێکۆشاون، با بڵێین ئەوان دیموکراسیی گەورە نین، بەڵام چارەسەری پرسی کوردیان لە چوارچێوەی دیموکراسیەتدا بینیوە، دیموکراسی دەرەخسێنێت، دیموکراسی واتا هاوبەشی، دیموکراسی واتا بوونت لە بڕیارداندا، کەواتە تێگەیشتنی بنيات لای کورد کارکردن لە پێناو دیموکراسیەت بووە، وە تێگەیشتنیان بۆ دیموکراسیەت ئەوەیە کە هاوبەش بم و بەشداربم لە بڕیاردان، ئەمە یەکەم، دووەم: کورد بە درێژایی مێژوو لە پێناو لامەرکەزیەت تێکۆشاون، ئەو لامەرکەزیەتە چ جوگرافی بێت یان بڕیاردان یان بیرکردنەوەی فرەیی، ئەمە لە رێگەی دەستوورەوە گەیشتە دەرەنجامی ئەرێنی و فیدرالیەت چەسپا، فیدرالیەت واتای ئەوەیە کە لە واقعدا سیستەمی پێویستە فیدرالی بێت واتا دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و لایەنەکان. لێرەدا ناکۆکی هەیە، من لە بەغدا هەموو رۆژێک لەسەر مەرکەزیەت مامەڵە دەکەم، ئەو کلتورەی لە بەغدا هەیە کلتوری مەرکەزیەتە، من قسە لەبارەی رۆشنبیری و کلتور دەکەم. قسە لەبارەی کەس ناکەم، یاساکانیش مەرکەزین، لێرەدا کێشە گەورەکە دەبینین، کورد و هەرێم لە شیکردنەوەکانیان پشت بە دەستوور دەبەستن، وە دەستوور فیدرالی و لامەرکەزی روونی تێدایە، لە بەغدا پشت بە یاساکان دەبەستێت، بۆ؟ چونکە زیاتر لە پەنجا ماددەی دەستووری هەیە کە ئەو ماددە دەستووریانە پێویستییان بە دەرکردنی یاسا هەیە، وە دەرەنجامی دەرنەکردنی یاساکانی کێشەیەکە لە پەرلەمان هەیە، بە دەرنەکردنی یاسا بۆشایی یاسایی دروست دەبیت، وە کە بۆشایی یاسایی هەبیت، ماددەیەکی دەستووری هەیە کە دەڵێت ئەگەر بۆشایی یاسایی سەبارەت بە ماددەیەکی دەستووری هەبوو، ئەوا بگەڕێنەوە بۆ یاسا کۆنەکان، یاسا کۆنەکانیش هەموویان مەرکەزین. ئەو یاسایانەش لە بیری حزبی بەعس و سەددامەوە هەڵقوڵاون، لێرە ناکۆکی هەیە.

دەتەوێ بڵێی کێشەکە تەکنیکی و هونەرییە نەک سیاسی؟

ـ نا نا.. کێشەکە یاسایی و رۆشنبیری (کلتوری)یە، رۆشنبیریش کاریگەریی لەسەر سیاسەت هەیە. پێویستە گفتوگۆیەکی راشکاوانە هەبێت، ئایا ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵین؟، ئەگەر دەوڵەتی فیدراڵین پێویستە لانیکەم لەم ماوەیەی داهاتوودا.. هەرچەند رێککەوتن هەبووە بۆ ئەو حکوومەتە کە دامەزراوە، لە دانووستانەکاندا خستمانە ڕوو کە من لە شاندی دانووستانکار بووم لە بەغدا، ئەوەمان خستە ڕوو کە زۆرێک لە مەبدەئە بنەڕەتییەکانی ناو دەستوور یاسایان بۆ دەربکرێت، بۆ نموونە: یاسای نەوتمان خستەڕوو، لە رێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی ئەم حکوومەتە ئەمەمان گوت، کە یاسای نەوت لە ماوەی شەش مانگدا دەربکرێت، ئەمە نەک تەنها هەر بە هۆی حکوومەت بوو، بەڵکو رەوشی پەرلەمان کارەساتاوییە، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵیمان خستەڕوو، لە واقعی دەستووردا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە دوو ئەنجوومەن هەیە، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی بە نسبەت هەرێم و پارێزگاکان ئەنجوومەنێکی سەرەکی دەبێت، ئەمە پێکنەهێنراوە. یاسایەکی مەرکەزی بۆ باج هەیە، ئەمە کێشەیە، بە یاسای مەرکەزی دەبێ هەموو شتێک رادەستی حکوومەتی ئیتیحادی بکرێت، لە کاتێکدا دەستوور لیبراڵییە، کێشە لە تەرجومەی دەستوور بۆ یاسا هەیە، من وای دەبینم کە پێویستە بە تایبەت لەو ماوەیەی داهاتوو لە پەرلەمان دەست بە دەرچوواندنی ئەو یاسایانە بکرێت. بەڵام دەرکردنی ئەو یاسایانە لە راستیدا پێویستییان بە رۆشنبیریی دەستووری هەبێت، رۆشنبیریی دەستووری کەمە و رۆشنبیریی مەرکەزی لە عێراق هەیە. لێرەدا بەریەککەوتن هەیە.

 بەم دواییانە دۆخەکە گەیشتە ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بابەتی کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق خستە ڕوو

ـ راستە

 بە هۆی موچە و دواخستنی ناردنی موچە و بچووککردنەوەی دۆزی کورد، وە من تێدەگەم لەوەی کە سەرۆک بارزانی دەڵێت ناکرێت دۆزی ئێمە بچووک بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت بۆ پرسی موچە،

ـ راستە

ئایا تۆ لەگەڵ کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی ئەگەر هەرێمی کوردستان مافە دەستووری و یاساییەکانی خۆی وەرنەگرێت لە موچە و هەناردەی نەوت و ئەوانی دیکە و من لە 2005 لە عێراق ئەوەم بینی کورد بەشدارییان لە دراشتنی دەستوور کرد و لەو بڕوایەداین کە ئەم دەستوورە بڕاوەتەوه و ئەو کێشەیە لە نێوان حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێم چارەسەر دەبێت. ئایا بیرت لە کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی کردووتەوە ئەگەر کار گەیشتە ئەمە؟

ـ من لە سەرکردایەتیی حزبم، ئەنادمی مەکتەبی سیاسیم، ئەو پرسانە کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بە ئاشکرا خستنییەڕوو، لە هەموو کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیش خستیەڕوو..

 ڕای تۆ چی بوو؟

ـ گفتوگۆی راشکاوانە لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، من رای خۆم هەبوو و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی خستمەڕوو.

دەتوانی پێمان بڵێی؟   

ـ ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەندیی بە ئیدارەی حزبەوە هەیە

 باشە، ئێستا دۆخەکە بە کوێ دەگات جەنابی وەزیر؟ ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، خەڵکێکی زۆر گومانیان هەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام وا دیارە کە حکوومەتی عێراق سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کورد لە کوێی ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەیە، ئایا تۆ دەستپێشخەریی چارەسەری کردەیی کۆتایی بۆ کێشەی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەند؟ 

ـ کێشەی حکوومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێم پەیوەستە بە کاتی ئێستا جگە لەوانەی کە باسم کردن وەک رۆشنبیریی مەرکەزی و نەبوونی ئەو یاسایانەی کە کۆکن لەگەڵ دەستوور و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە نەوت و موچەوە هەیە، بە بەردەوامی موچە بەستراوەتەوە بە پرسی رادەستکردنی نەوت بۆ پێدانی موچە، هەر لەم چوارچێوەیەدا موچە تەنها پرسێکی ئێستا نییە، پرۆژەیاسای بودجە کە لەسەردەمی برام عەبادی دەرچوو و من بوومە وەزیری دارایی و پڕۆژەکە لە ئەستۆ گیرا، ئەو کاتیش تیایا ئاماژە بەوە درا کە هەرێم نەوتی خۆی رادەست بکات و لەسەر حکوومەتی ئیتیحادی پێویستە کە قەرەبووی موچەی فەرمانبەران بکات. بەیەکبەستنەوەی موچە و نەوت بەردەوام لە یاساکانی بودجەدا هەبووە، هەم ئەم یاسایە و هەم یاساکانی پێشتر. ئێستا من دەتوانم قسە لەبارەی ئەمڕۆ بکەم، لێکتێگەیشتنی ڕوون هەیە بۆ گەیشتن بە پرسی رادەستکردنی نەوت.

چارەسەری کاتییە یان هەمیشەیی؟

ـ چارەسەرەکە کاتییە، بۆ چارەسەری هەمیشەیی پێویستە یاسای نەوت هەبێت، یاسای نەوتمان هەبێت، ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ئەمساڵە، ئەم چارەسەرە پەیوەستە بە دوو مەرجەعیەتی یاسایی، مەرجەعیەتی یاسای بودجەی ئێستا و مەرجەعیەتی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، پێویستە لە ساڵی داهاتوودا بە شێوازێکی دیکە چارەسەر بکرێت،  من وای دەبینم لە یاسای داهاتوودی بودجەدا پێویستە پشکی هەرێم دیاری بکرێت، ناکرێت لە سیستەمی فیدراڵیدا حکوومەتی ئیتیحادی دەستوەردان بکات لەوەی ئەم فەرمانبەرە موچەی وەرگرت یان ناوی سیانیی ئەو فەرمانبەرە چییە. ئەمە کاری حکوومەتی هەرێمە، دەستوەردانی ئاشکرا لەم پرسەدا دروست نییە. من لەگەڵ رێزم، بڕیاری دادگای ئیتیحادی سەبارەت بەمە دەرکرا، ئەمە ئەنجامی ململانێی کوردی ـ کوردی بوو، ئەم ململانێی کوردی ـ کوردی گواسترایەوە بەغدا و دادگای ئیتیحادی و دادگاش ئەم بڕیارەی دەرکرد، بەڵام لە ڕووی دەستووری و یاسایی لە راستیدا حکوومەتی ئیتیحادی پشکی هەرێمی کوردستان دەدات، وە حکوومەتی هەرێم بەرپرسە لەمە، ئەمە یەکەم. لە ساڵی داهاتوو لەگەڵ دەرچوواندنی یاسای نوێی بودجە پێویستە بگەینە ئەمە و ئەمەش دیاری بکەین کە حکوومەتی هەرێم خۆی بەرپرسە بەرامبەر گەلەکەی، حکوومەتی هەرێم پەرلەمانی هەیە، دەسەڵاتی دەستووری هەیە، نابێت دەستدرێژی بکرێتە سەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانی حکوزمەتی هەرێم، ئەمە چارەسەر دەبێت. بەڵام بۆ پرسی نەوت لە ئێستادا لێکتێگەیشتن هەیە و من لەم رۆژانەدا دەگەڕێمەوە بەغدا سەبارەت بە رادەستکردنی نەوت. کێشەی سەرەکی تا ئێستا داهاتە نانەوتییەکانە، لێرەدا هەڵەلێکتێگەیشتن هەیە، هەروەها ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوور و یاساکان، لە بەغدا تێگەیشتنێک هەیە کە پێویستە سەرجەم داهاتەکان بۆ حکوومەتی ئیتیحادی بگەڕێنەوە، لە هەرێمی کوردستانیش تێگەیشتنێک هەیە کە داهاتی ناوخۆ هەیە، داهاتی هەرێم هەیە، داهاتی دیکە هەیە بۆ حکوومەتی ئیتیحادی، پێویستە ئەم بابەتە بە شێوەی کاتی چارەسەر بکەین، وە لە داهاتوودا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چارەسەری بکەین.

جەنابی وەزیر، پرسیارێکی راشکاوانە، لە سەرەتای پێکهێنانی حکوومەتی بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی پشتگیریی کوردی هەبوو و پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی سودانی کرد بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، هەست دەکەم ئێستا بێهیواییەکی زۆر هەیە لە لایەن کوردەوە بەرامبەر سەرۆکی حکوومەتی عێراق، ئایا ئەو هەستەم لە جێی خۆیەتی، ئایا سوودانی ئێوەی وەک کورد بێهیوا کرد؟

ـ سەرەتا، سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت ئێمە بەشداری بنەڕەتی بووین لە رێککەوتنی سیاسی و بەرنامەی حکوومەت، پشتگیریی زۆر هەبوو بۆ بەڕێز محەمەد شەیاع سوودانی بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی ئەو حکوومەتە بکات. ئێستا ناکۆکی هەیە، راستە ناکۆکی هەیە، بەڵام ئەو ناکۆکییانە نەگەیشتوونەتە ئاستی هەڵوێستی سیاسی، ناکۆکی هەیە و هەڵبژاردن هەیە، هەڵبژاردن سوپڕایزی تێدایە، حزبی نوێ و هێزی نوێ و هاوسەنگیی هێزەسیاسییەکان دەسەپێنێت، داهاتوو دیاری دەکات، دانووستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی داهاتوو پەیوەندییە دووقۆڵییەکان یان پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دیاری دەکات، گفتوگۆکان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە بەغدا بەردەوامن.

بەڵام سودانی رایگەیاند کە هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ دەکات لە دژی ئێوە؟

ـ من نەمبیستووە هاوپەیمانیی لەگەڵ بکات.

 من بیستوومە، لە لێدوانێکدا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئەمەی گوت

ـ ئەو گوتی حزب الجیل، لەو باوەڕەدام حزب الجیل حزبێکی دیکە بێت، بەڵام پەیوەندییەکانی بەڕێز سودانی لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە، بەردەوام پێشوازیی لێکردوون، بەردەوام پێشوازیی لە یەکێتیی نیشتمانی کردووە، هەروەها لەگەڵ پارتیش، ململانێ و ناکۆکی هەیە، راستە. پێویستە ئێستا کێشە هەنووکەییەکان چارەسەر بکەین کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، موچە، هەروەها پرسی نەوت چارەسەر بکەین، وە دیدگایەک بۆ داهاتوو بنیاد بنێین. یەکەم: پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا چۆن دەبێت، دووەم: پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزبەکانی عێراقی چۆن دەبێت، ئێمە پێویستمیمان بە دیراسە هەیە و لە گفتوگۆی بەردەوامداین لە سەرکردایەتیی حزب سەبارەت بەم پرسانە. ‌چووینەتە ناو هەڵبژاردن، هەڵبژاردن واتا ململانێ، ململانێی سیاسی، لە بەغدا ململانێی بەهێز هەیە لە نێوان حزبە شیعییەکان خۆیان، ململانێی گەورە هەیە لە نێوان حزبە سوننییەکان خۆیان، ململانێی هەیە لە نێوان حزبە شیعەکان و سوننەکان، ململانێ هەیە لە نێوان حزبە کوردییەکان و لە چەند ناوچەیەک بە تایبەت وەک موسڵ و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و حزبەکانی دیکەش. بەڵام ئەو ململانێیانەش دەبنە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانی، ململانێی دیاریکراو دەبنە هۆی هاوپەیمانی.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوێی ئەو هاوپەیمانیانەیە؟

ـ پارتی دیموکراتی کوردستان دیراسەی تەواوی گۆڕەپانی سیاسی دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنەدا دەکات کە لەگەڵ دیدگاکان یەکانگیرە، دیدگا یەکەم: چەسپاندنی دیموکراسییە، دووەم: چەسپاندنی فیدراڵییە، سێیەم: چەسپاندنی مافی دەستووریی هەرێمی کوردستانه، چوارەم: مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەی دەستووری، پێنجەم: مامەڵەکردن لە بەغدا بە بە ڕوونی بێت لەگەڵ پرسەکان، هەروەها کرانەوە و چەسپاندنی زیاتری دیموکراسی تا دەگاتە بابەتەکانی دیکەی وەک بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سیاسەتی دەرەوە و چۆنییەتیی بنیادنانی سیاسەتی دەرەوە بە شێوەیەکی ڕوون، هەموو ئەمانە بەشێکن لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.

جەنابی وەزیر، بەرلەوەی کۆتایی پێبهێنم، دەمەوێ بچمە سەر رەوشی کورد لە سووریا، ئەمڕۆ زۆر لەوەی کە لە سوریا روودەدات، زۆر کورد لە سوریا هەن کە داوای فیدراڵی و دەوڵەتی نامەرکەزی دەکەن، بەڵام کارەکان زۆر ئاڵۆز بوون، ڕات چییە لەسەر دۆخی سووریا و هەڵوێستت چییە لەسەر ئەوەی کە بەرامبەر کەمینە و پێکهاتەکان لە سووریا دەکرێت، دروزەکان، عەلەوییەکان، مەسیحییەکان، هەڵبەت کورد لە سووریا؟

ـ من وەکو وەزیری دەرەوە، ئیشی من نییە دەست لە کاروباری وڵاتانی دیکە وەربدەم، بەڵام دۆخی سووریا گرنگە بۆ عێراق، واتا ئەگەر سووریا ناسەقامگیر بێت و ئاسایشی نەبێت ئەمە کاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی عێراق دەبێت، ئێمە بینیمان داعش بەرهەمی دۆخی سیاسی و ئەمنی سووریا و عێراق بوو، داعش لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەستی بەسەر 50%ی خاکی سووریا و 30%ی خاکی عێراقدا گرتبوو، داعش دەوڵەتی داعشی تیرۆریستی دروست کرد کە لە سووری و عێراقییەکان بوون، بۆیە پەیوەندییەکانی سووریا و عێراق جیاوازە لە تەواوی هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە سووریا لەگەڵ ولاتانی دیکە هەیەتی، هەتا لەگەڵ تورکیا، ئوردن، وڵاتانی دراوسێ، لوبنان، دواتر ئێمە هاوبەشیی سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ سووریا هەیە، من هەر لەم سۆنگەیەوە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەبوونی جەنابی وەزیری دەرەوەی سووریا باسم کرد کە هاوبەشیی سەرسوڕهێنەرمان هەیە، بۆیە ماف بە خۆمان دەدەین کە قسە بکەین هەروەک چۆن ئێوەش مافی خۆتانە قسە بکەن یەکەم: کۆمەڵگەی سووری، کۆمەڵگەیەکی پێکهاتەییە، وە زۆرێک لەو پێکهاتانەی لە سووریا هەن" لە عێراقیش هەن، واتا کۆمەڵگەی سووری کۆمەڵگەیەکی پێکهاتەییە کە مەسیحی تێدایە، موسڵمانی سوننە و شیعەی تێدایە، عەلەوی لێیە، دروزی لێیە، نەتەوەکانی تێدایە، کورد، عەرەب، تورکمانی، ئەم پێکهاتانە لێرەش هەن " وە پەیوەندییەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام هاوبەشییەکی دیکە، سوورییەکان دژی حزبی بەعس تێکۆشان بۆ ماوەیەکی درێژ، وە ئێمەش دژی حزبی بەعس تێکۆشاین، حزبی بەعس لە سووریا گۆڕا بۆ حزبی خانەوادە، حزبی بەعس لە عێراق گۆڕا بۆ حزبی خانەوادە، حزبی بەعس لە عێراق بووە حزبی یەک کەس، حزبی بەعس لە عێراق بووە حزبی یەک کەس، تێکۆشانی گەلی سووریا دژی حزبی بەعس دورودرێژ بوو، تێکۆشانی حزبی گەلی عێراق دژی حزبی بەعس درودرێژ بوو، گەلی سووریا و گەلی عێراق توانییان حزبی بەعس لاواز بکەن، بەڵام نەیانتوانی بیڕوخێنن تەنها بە دەستێوەردانی دەرەکی بوو. رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بە دەستێوەردانی دەرەکی بوو نەک بە هۆی دەستەی تەحریر شام، دەستی تەحریر شام بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ئیدلب بوو، بەڵام دەستێوەردانی دەرەکی چ راستەوخۆ بووبێت یان ناراستەوخۆ بووە هۆی رووخانی رژێمی بەعس.

دەستێوەردانی تورکی، ئیسرائیلی، ئەمریکی..

ـ لە عێراق بە هەمانشێوە سەرباری ئەو قوربانیدانەی گەلی عێراق و ئەو ململانێ و تێکۆشانه بەردەوامەی دژی حزبی بەعس هەبوو، بەڵام رژێمی سەددام نەڕووخا تەنها بە دەستێوەردانی دەرەکی نەبووبێت. بۆیە هەموو ئەو هاوبەشییانە، جا چ هاوبەشی کۆمەڵگایی بن، یان ڕێڕەوی سیاسی، یان تێکۆشان دژی بەعس، لەیەکچوون، کەواتە مافمان هەیە کە بیر بکەینەوە هەروەک چۆن مافیان هەیە کە بیر لە دۆخی عێراق بکەنەوە. بۆیە کە لەو سۆنگەیەوە بیر لە دۆخی سووریا دەکەینەوە دەزانین کە متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە کە دەرەنجامی ئەو ململانێ درێژخایەنەیە، بۆیە پێویستمان بە چارەسەرە.

 فیدڕالی؟

ـ چارەسەر، یەکەم: دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی مەرکەزیەت کە هەیه، دوورکەوتنەوە لە مەرکەزیەت بۆ کۆکردنەوەی هەمووان، ئەگەر دەتەوێ هەمووان کۆبکەیتەوە پێویستە متمانە دروست بکەی لە نێوان پێکهاتەکان. من قسە لەبارەی بیرکردنەوەی مەرکەزیەت دەکەم، دوورکەوتنەوە لە فکری مەرکەزیەت واتا جێگرەوەکەی بیرۆکەی لامەرکەزیەتە.

 یان فیدراڵی

ـ شیکردنەوەی بیرۆکەی لامەرکەزی دەوەستێتە سەر پێکهاتەکان و حکوومەتی سووریا، بیرۆکەی لامەرکەزی دەبێتە هۆی یەکگرتوویی وڵات، بیرۆکەی مەرکەزی دەبێتەت هۆی دابەشبوون............شتی وا نابیت، ئەو پێکهاتانە متمانە لە نێوانیاندا نەبیت، ئەگەر متمانە بە تەنها یەک توێژ بکەن، ئەوا بەسەر هەموویدا زاڵ دەبێت. گەلی سووریا تێکۆشانی نەکردووە لە پێناو گۆڕینی حزب بە حزب و کەس بە کەس، گەلی سووریا لە پیناو دیموکراسی خەباتی کردووە. بۆیە پێویستیمان بە شێتکە، پێویستیمان بە دیموکراسی و بیرۆکەی لامەرکەزی هەیە، ئەمە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە. ئەگەر ئەو کلیلە بە دەستی گەلی سووریا نەبێت، دەستێوەردانەکان دەمێنن، ئێستا لە سووریا جگە لەو ململانێیەی کە لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، سوپای تورکیا لە باکووری سووریا هەیە، سوپای ئەمریکا و فەرەنسا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەن، سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا هەیە لە ناوچەکانی سووەیدا، لە ناوچەی کەناراوەکان بنکەکانی رووسیا لەوێن، سەرباری ئەمانە داعش لەسەر سنوور لە لایەکی دیکە هەیە لە لای عێراق لە باشووری فوڕات تا سنووری ئوردن.

بەداخەوە ئاڵۆزە

ـ بۆیە ئەمە پێویستی بە پێشنیازی نوێ هەیە کە پێویستییان بەوە هەیە پێکەوه ‌کۆبکرێنەوە، ئەو پێکەوە کۆکردنەوەیە نایەتە دی تا ئەو کاتەی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکەیدا متمانەی بە خۆی و ناسنامەکەی نەبێت. ناسنامەی ناوخۆیی یان ناسنامەی پێکهاتەکان دژیەک نییە لەگەڵ ناسنامەی نیشتمانی، بەڵام ناسنامەی کوردی و ناسنامەی عەلەوی و ناسنامەی مەسیحی و ناسنامەی سوننی و ناسنامەی عەرەبی و ناسنامەی دروزی و ناسنامەی ئیسماعیلی و ناسنامەی تورکمانی، هەموویان ناسنامەی سووری کۆیان دەکاتەوە، هەمووان کۆ دەکاتەوە.  ‌

لێرە دەمەوێ کۆتایی پێبهێنم جەنابی وەزیر، واتا لە نێو ئەو گۆڕانکارییانەدا باس لە ئەگەری دابەشوون بۆ دەوڵەتی بچووک دەکرێت، کورد خەونێکی مێژوویی هەیه کە خاک و دەوڵەتیان هەیە، ئایا ئامۆژگاریی کورد دەکەی کە واز لەو خەونە بهێنێت؟ یان سود لەو دەرفەتە وەرگرێت بۆ هێنانەکایەوەی خەونی دەوڵەتی کوردی

ـ من ناتوانم رێگە لە هیچ کەسێک بگرم کە خەون نەبینێت، بەڵام خەوت هەر خەون دەمێنێتەوە، ((بەڵام ئامۆژگاریت وەک دیپلۆماسییەک))، خەون هەر دەمێنێتەوە، ئەمە واقیعە، دیاریکردنی چارەنووس مافی کوردە، بەڵام واقیع شتێکی دیکەیە، هەتا کورد لە سوریا بابەتی دەوڵەتی کوردییان نەخستووەتە ڕوو، من لە سەرەتای شۆڕش و راپەڕینی سوریا و مەلەفی کوردی سوریا، مامەڵەم لەگەڵ ئەو کەیسە دەکرد، لە هەرێم بووم، من گوێم لە هیچ سیاسییەکی کوردی سووریا و هیچ حزبێکی سیاسی کوردی سوریا نەبووه قسە لەبارەی سەربەخۆیی بکەن، بەڵکو باسیان لە مافەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دەکرد.

هەمیشە کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە سەربەخۆییخوازن

ـ بەڵام ئەمە راستییە، ئەوان تێکۆشاون بۆ ئەوەی مافیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا هەبێت، هێشتاش، ئەو مافە لە لایەن هێندێکەوە بە لامەرکەزی و فیدراڵی لێکدەدرێتەوە، ئەمە شتێکی دیکەیە بەڵام لە چوارچێوەی سووریادا، وەکو کوردی عێراق، هەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە ئەمڕۆ ساڵیادییەتی، دروشمەکەی دیموکراسی بۆ عێراق بووە، واتا تێکۆشان لەپێناو دیموکراسی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، بۆیە من وای دەبینم کە واقعی ئێستا پێویستە گۆڕینی رژێم لە مەرکەزی بۆ لامەرکەزی بێت، لە نادیموکراسی بۆ دیموکراسی بێت، ئەمە لەم کاتەدا رێگەی چارەسەرە لەگەل هەموو رێگاکانی دیکە.

جەنابی وەزیر زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە تایبەتە کە هەموو پرسیارەکانمان خستەڕوو، جەنابت باست لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد،

ـ پیرۆزمان بێت

 قسەی کۆتاییت بۆ عێراقییەکان، بە دوو وشە، ئایا تۆ رەشبینی یان گەشبینی بۆ داهاتووی عێراق؟

ـ نا نا.. من واقعیم، باری رەشبینی ئاسایی نییە، باری واقعی لەسەرەم دەسەپێنێت کە نەرێنی و ئەرێنییەکان ببینم، من ئەو ئەرێنیانە دەبینم کە دەچینە ناو هەڵبژاردنی خولی شەشەمەوە لە عێراق لە 2005ەوە، من شتێکی نوێ لە عێراق دەبینم" هەڵبژاردنی خولی شەشەم، رێرەوی دیموکراسی لە عێراق سەرباری هەموو کەموکورتییەکانی، بەڵام هەیە و بەردەوامە، ئەگەر بەم رێڕەوەدا بڕۆین، واتا چەسپاندنی دیموکراسی و بنیادنانی دامەزراوەکانی پەیوەست بە دەستوور و سەرەنجام بە دیموکراسی دێتە دی، من وای دەبینم کارکردن لە پێناو دیموکراسی و دامەزراندنی کیانی فیدراڵی بکرێت کە ئەمە راستە، دەکرێ عێراق بپارێزرێت ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت و دەستوور جەخت لە قەوارەی فیدراڵی دەکاتەوە. بۆیە دیموکراسی و قەوارەی فیدراڵی دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ پاراستنی عێراق، بۆیە من گەشبینم چونکە دەستوور هەیە و پڕۆسەی دیموکراسی هەیە، بەڵام کێشەی گەورە هەیە، کەواتە یاسای یەکێتی و ململانێ حوکممان دەکات، یەکێتی لەگەڵ شتە ئەرێنییەکان و ململانێ لەگەڵ شتە نەرێنییەکان.

سوپاس بۆ تۆ ئەم دیدارە و هیوادارین دووبارە دیدار ئەنجام بدەینەوە چونکە شتی نوێ کۆبووەتەوە

ـ سوپاسی کەناڵی شەمس دەکەم و پیرۆزباییتان لێدەکەم بۆ ئەو پێشکەوتنە گەورەیە و هیواخوازم ئەو کەناڵه،‌ هەرچەند کەناڵێکی نوێ و سەرەتایە، بە هەوڵی هەموو لایەک و کارمەندانی ببێتە کەناڵێک رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە گۆڕەپانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی. زۆر سوپاس.

سوپاس جەنابی وەزیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.