وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەلێت 2.7 ملیۆن هاوبەشمان هەیە و 80٪ هاووڵاتییان کەمتر پارە دەدەن وەک لەوەی پێستر پارەی کارەبای موەلیدە و نیشتیمانیشیان دەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئابی 2025 وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری پسوولەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە و دەڵێت "نیوەی هاوبەشەکانی پرۆژەی رووناکی لە 28 هەزار دینار کەمتریان بۆ هاتووەتەوە و شاری سلێمانی کەمترین پارەیان بۆ هاتووەتەوە لە هەرێمی کوردستان".
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان داتای هاوبەشەکان و بڕی خەرجکردنی کارەبای 24 کاتژمێری خستووەتەڕوو
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا دوو ملیۆن و 722 هەزار و 500 هاوبەشی ماڵانی هەیە، هەروەها بڕی 103 هەزار هاوبەشی بازرگانیشی هەیە.
لە هەولێر یەک ملیۆن و 458 هەزار هاوبەشی ماڵانی هەیە و نیوەی لە 29 هەزار دینار کەمتری داوە و هاوبەشە بازرگانییەکانیشی 51 هەزار هاوبەشە و کەمتر لە 51 هەزار دیناریان داوە.
لە سلێمانی 976 هەزار و 500 هاوبەشی ماڵان و 38 هەزار هاوبەشی بازرگانی هەیە، نیوەی ماڵان کەمتر لە 16 هەزار دیناریان داوە و کارەبای بازرگایش 69 هەزار دینار.
لە پارێزگای دهۆک 288 هاوبەشی ماڵان هەیە و 14 هەزار هاوبەشی بازرگانی، نیوەی ماڵان کەمتر لە 25 هەزار دیناریان داوە و کارەبای بازرگانیش نیوەی کەمتر لە 46 هەزار دیناریان داوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند 40٪ هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە و تا ئێستا 2.7 ملیۆن هاووڵاتیی لێی سوودمەندن، هەروەها بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا 80٪ هاووڵاتییان بەراورد بە جاران کەمتر پارەیان داوە بە تایبەت شوێنی هەژار نشینەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.