بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە دوو هاووڵاتیی بوونە قوربانی و چەندین کەسیش بەهۆی تەنگەنەفەسی و سوتانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەمرۆ دووشەممە 18ـی ئاب، پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە هەڵەبجە پێی راگەیاندین: دوێنێ ئێوارە لە نەیجەلی سنووری پارێزگای ھەلەبجە ئاگرێک کەوتووەتەوە و ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێرە کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەهۆی ئاگرەکە تا ئێستا دوو کەس بوونەتە قوربانی، هاووڵاتییەک بەناوی محەمەد شێخ حەیدەر لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە سووتاوە و گیانی لەدەست داوە.
دوێنێ ئێوارەش گەنجێک پێش گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەگەڵ هاورێیانی هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دابوو، بەڵام بەهۆی هاتنی بایەکی بەهێز ئاگرەکە بەرووی ئاری موختار تەشەنەی دا و بووە هۆی سووتانی و دواتریش گیانلەدەستدانی.
لە هەمان رووداودا قایمقامی هەڵەبجە لەکاتی هەوڵدان لەگەڵ هاووڵاتییان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، تووشی هەناسەتەنگی ببوو بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە کرابوو.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان ئاگرەکە بەردەوامی هەیە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.