سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەى ١٦ى ئاب، ساڵڕۆژى دامەزراندى پارتى دیموکراتى کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، جەختی کردووەتەوە سەرۆکی بارزانی دەتوانێ وەک هەمیشە رۆڵێکی کاریگەر و مەزن ببینێت بۆ کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان.
لە پەیامەکەی "غەفوور مەخمووری"دا کە ئاراستەی سەرۆک بارزانی کراوە هاتووە: "بەناوی خۆمان و مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی جەنابتان و 79هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان جێگرانى سەرۆک و بەڕێزان لە مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تەواوی کادرو ئەندامان و جەماوەری پارتى دیموکراتى کوردستان دەکەین و هیوای تەمەن درێژى و بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتن بۆ جەنابتان و پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین".
جەختیش کراوەتەوە "پارتى دیموکراتى کوردستان لە رۆژى دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پێشەنگایەتیى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستانى کردووەو هەمیشە هەوڵی داوە تەبایى و یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان بپارێزێت".
ئاماژە بەوەش کراوە "رێبەرى شۆڕشى گەلى کوردستان، "مستەفا بارزانیی نەمر" لە شۆڕشى ئەیلوولى نیشتمانیدا هەمیشە چەترى هاوبەشى هێزە کوردستانییەکان و کەسانى وڵاتپارێزو تێکۆشەرانى کوردستان بووە و بەردەوام هەوڵی دەدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەک بێت".
غەفوور مەخمووری بە ئاماژەکردن بەوەی "کوردستان و ناوچەکە لە رەوشێکی زۆر ناسک و هەستیاردان و هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم کۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکاری مەزندان"، جەختی کردووەتەوە "بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و یەکڕیزی و یەکدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و تەواوی پێکهاتەکانی گەلی کوردستانە".
لە پەیامەکەی سکرتێری گشتیی YNDKدا باس لەوەش کراوە سەرۆک بارزانی کە درێژەپێدەرى رێبازى بارزانیی نەمرە، وەک هەمیشە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و مەزن ببینێت بۆ کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان.
بە گوتەی غەفوور مەخمووری "پێکهێنانى "ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان" دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگیى لایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، بۆ ئەمەش سەرۆک بارزانی دەتوانێت رۆڵێکى کارا بگێڕێ. جەختیشی کردوەتەوە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لەم پێناوەشدا ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتوانییەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.