Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 14:14

سەرۆک بارزانی: پێویستە پارتییەکان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەکەیان و خوێنی شەهیدان بن

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە یادی 79 ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی کردەوە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان و حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە؛ بۆیە پێویستە هەموو پارتییەکان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەکەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن کە خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستانە.

ڕۆژی شەممە 16ـی ئابی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 79یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان".

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا جەخت لەوە کراوەتەوە "پارتی لە هەموو قۆناغەکاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵترکردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێکەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکانی مێژووی سیاسیی کوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە".

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی یادی 16ـی ئاب

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی حەفتاو نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو چینوتوێژ و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم.

دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستیەکی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستان لە بەرانبەر پیلانی نەیار و داگیرکارانی کوردستان کە بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە هەوڵی شکاندنی ئیرادە و بێدەنگکردنی خەباتی گەلی کوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان.

لە یادی شازدەی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جەخت لەوە دەکەینەوە پارتی لە هەموو قۆناغەکاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵترکردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێکەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکانی مێژووی سیاسیی کوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.

هەروەها پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە کە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاکانی گەلی کوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەکان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەکەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن کە خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەکان دەکەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونکە، پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێزە.

مسعود بارزانی

16ـی ئابی 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.