ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە ئاستەنگ بۆ پردی دەروازەی خەلیفان دروست بوو، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ڕێگایەکی جێگرەوەی کاتییان بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان کردەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردنەوەی ڕێگایەکی کاتیی لەنێوان سۆران و خەلیفان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بارهەڵگرێک خۆی بە پردی دەروازەی قەزای خەلیفان "گەلیی عەلی بەگ"ـدا کێشا و بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە هاتوچۆدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانیمان ڕێگایەکی جێگرەوە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی هاووڵاتییان دابین بکەین، تا ئەو کاتەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ پردەکە دەدۆزرێتەوە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەروەها سوپاسی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبان، کۆمپانیای کاڤین گرووپ و سەرجەم ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی کرد کە بەدەم کارەکەوە هاتبوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.