وەزارەتی دەرەوەی عێراق لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە "ئیسرائیلی گەورە"ی بە توندی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند ئەم لێدوانانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانن.
ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو لێدوانانەی قەوارەی داگیرکەر سەبارەت بەوەی پێی دەگوترێت "دیدگای ئیسرائیلی گەورە" بە روونی تەماحە فراوانخوازییەکانی ئەم قەوارەیە ئاشکرا دەکات و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: وەزارەت پێی وایە کە ئەم لێدوانانە گاڵتەکردنێکی ئاشکران بە سەروەریی وڵاتان و پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی لەم شێوەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیشی کردووەتەوە: " ئەم لێدوانە بێشەرمانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی فەڵەستین".
ئاماژەی بەوەش کردووە: " ئەم کردەوانە، کە هاوتەریبن لەگەڵ وتارێکی سیاسیی دامەزراو لەسەر فراوانخوازی و لکاندن، پێویستیان بە جووڵەیەکی کاریگەر هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ سەرپێچییەکانی داگیرکەر و ڕاگرتنی سیاسەتی دەربازبوون لە سزا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.