Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 01:21

سەرۆکوەزیرانی لوبنان: ڕێگا نادەین هیچ وڵاتێک دەست لە کاروباری ناوخۆییمان وەربدات

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئیران رایگەیاند: "لوبنان وڵاتێکی بچووکە کە چەندین ساڵ لە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە ئازاری چێشتووە بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم لاپەڕەیە داخەین" و جەختیشی کردەوە دەستوەردانەکانی ئێران لە وڵاتەکەیان ڕەت دەکەنەوە.

نواف سەلام لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی لاریجانی، بە ڕاشکاوی پێی گوتووە لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەنەوە.

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، قسەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی چەککردنی حیزبوڵلا "پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی دیپلۆماسی و دەستدرێژی بۆ سەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی لوبنانە".

نواف سەلام لە دیدارەکەیدا لەگەڵ لاریجانی جەختی کردووەتەوە "لوبنان یەکەم بەرگریکاری دۆزی فەلەستین بووە، بەهایەکی قورسی لە بەرانبەر ئیسرائیلدا داوە و پێویستی بە وانەوەرگرتن لە هیچ کەس نییە".

سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە پەیامنێرانی راگەیاند: " لوبنان وڵاتێکی بچووکە کە چەندین ساڵ لە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە ئازاری چێشتووە بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم لاپەڕەیە داخەین".

بەر لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی لاریجانی، ڕایگەیاندبوو: "دەستوەردانی هەر وڵات و لایەنێک لە لوبنان ڕەت دەکەنەوە و دەمانهەوێ لوبنان هێمن و سەقامگیر بێت و ئەمەش بە سوودی هەموو لوبنانییەکانە".

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا کە حکوومەتی لوبنان بڕیاری چەککردنی حیزبوڵلای داوە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بە توندی ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی حکوومەتی لوبنان گرتووە و ئەم بڕیارەیان بە پلانی ئەمریکا و ئسیرائیل زانیوە. ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی دەسەڵاتدارانی لوبنانی لێ کەوتووەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.