پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هەموو فەرمانبەرێکی سنووری هەولێر زەوی وەردەگرێت. هەروەها، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت، مافی کڕین و فرۆشتن بە فەرمانبەران نادرێت تا دوای وردبینی کردن لەوەی کە ئایا پێشتر سوودمەند بووە یان نا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: "لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر زیاتر لە هەزار و 954 فەرمانبەر، کە پێکهاتوون لە ڕاژەی سەربازی و مەدەنی و خانەنشینان و خانەوادەی شەهیدان، سوودمەند دەبن".
ئومێد خۆشناو گوتی: "پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ وەستابوو، بەڵام دواجار لە کاتێکی ئاستەنگ و دژواردا و لە کاتی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن عێراقەوە، دەستمان کردەوە بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بۆ ئەوەی سوودمەند بن و ئەم دۆخە تێپەڕێنن".
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە هەموو فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکە کە تاوەکو دوا فەرمانبەر بمێنێت، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی زەوی، پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە و گوتی: "فەرمانبەران بەگوێرەی شوێنی جوگرافی و کارتی زانیاریی خۆیان زەوی وەردەگرن. ئەگەر لە سنووری شارەوانییەکەی خۆیاندا زەوی نەمابوو، ئەوا لە نزیکترین شارەوانیی زەوی وەردەگرن".
مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، دەڵێت: "20٪ی ئەو لیستانەی لەبەردەستماندان، پێشتر سوودمەند بوون، تەنها وردبینیی سەرەتاییان بۆ کراوە و دواتر تیروپشک ئەنجام دراوە".
مەریوان حاکم دەشڵێت: "ژمارەیەک لە فەرمانبەران بە هاوکاریی نووسینگەکانی خانووبەرە، زەوییەکانیان بە ژمارە دەفرۆشن. داوا دەکەم ئەو کارە ڕابگرن، چونکە نایاساییە و ئەگەری هەیە دوای وردبینیی ورد، دەربکەوێت کە فەرمانبەرەکە خاوەنی زەوییەکە نییە و لێی وەربگیرێتەوە".
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی: "تا ئێستا تەنها وردبینیی سەرەتایی کراوە. تاوەکو فەرمانبەر سەردانی شارەوانی نەکات و مامەڵەکانی تەواو نەکات و دڵنیا نەبینەوە لەوەی پێشتر سوودمەند بووە یان نا، ناتوانێت زەوییەکەی بفرۆشێت و بەناوی ئەو فەرمانبەرەوە تۆمار ناکرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.