سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ شەوی ڕابردوو لە ماڵی خۆی دەستگیر کرا و پۆلیسی سلێمانییش دەڵێ "دەستگیرکرانەکە بە فەرمانی دادوەر بووە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "لەسەر فەرمانی دادگای كەتنی سلێمانی/٢ و لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیركردنی ژمارە (٢٥١/ك/٢٠٢١) لە (٢٠٢٥/٨/٣)، شاسوار عەبدولواحید لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیر كرا".
لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا ئاماژە بەوەش کراوە، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و بە ڕێكاری یاسایی ئامادەی بەردەم دادگای تایبەتمەند دەكرێت.
دوای دەستگیرکرانی شاسوار عەبدولواحید، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کاتژمێر 10 شەو، هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕفاندوویانە. جەختیشی کردەوە "بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە".
فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوای لە کۆنسوڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان کردووە هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن.
ڕۆژی 3ـی ئابی 2025، دادگای کەتنی 2ی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەمال رەزا ئەحمەد، پاڵپشت بە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111 ساڵی 1969ی هەموارکراو، بڕیاری 6 مانگ زیندانی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەکرد بە هەژمارکردنی ماوەی راگرتنی ناوبراو لە قۆناغی لێکۆڵینەوە لە 16/05/2019 بۆ 30/05/2019.
لە بڕگەی چواری بڕیارەکەی دادگای کەتنی 2ی سلێمانیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.