رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا دەکات هاوکارییە تەندروستییەکان بگاتە کەرتی غەزە پێش ئەوەی ئیسرائیل دەست بە ئۆپراسیۆنەکانی بکات لە ناوچەکە و رێکخراوەکە دەڵێت، 52٪ کۆگاکانی دەرمان بەتاڵ بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئابی 2025، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، پێویستە ئیسرائیل ڕێگەیان پێبدات کۆگای پێداویستییە پزیشکییەکان پڕبکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخێکی تەندروستی لەناکاو لە غەزە، ئەمەش پێش ئەوەی ئیسرائیل پلانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و کۆنترۆڵکردنی شاری غەزە جێبەجێ بکات.
ریک پێپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی لە فەڵەستین، گوتی هاتنی هاوکارییەکان زۆر خاوە یان هەر ڕوونادات و 52٪ی کۆگاکانی دەرمان بە تەواوی بەتاڵ بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە دۆخی تەندروستی گشتی خراپە، تەنها لەمساڵدا تا 5ی ئاب، 148 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی، لە مانگی تەمموزدا نزیکەی ١٢ هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ تووشی بەدخۆراکیی تووند بوون، کە بەرزترین ژمارەی مانگانەیە تا ئێستا لە غەزە تۆمارکرابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.