بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندا لە قەزای ڕواندز، تیمەکانیان زیاتر لە 77 سەرپێچیی زێدەڕۆییان لەسەر تۆڕی ئاوی خواردنەوە بڕیوە و هۆشدارییش دەداتە سەرپێچیکاران.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لەژێر چاودێریی قایمقامی قەزای ڕواندز و بە سەرپەرشتیی فەرمانگەی ئاوی ڕواندز و هەماهەنگیی پۆلیس، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا، زیاتر لە 77 سەرپێچیی ئاو لە سنوورەکە بڕدراون.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، هەڵمەتەکە لە گەڕەکەکانی بانەزێوک، شەهیدان و لاوان دەستی پێ کردووە و دەرکەوتووە زۆربەی سەرپێچییەکان بریتی بوون لە ڕاکێشانی ئاو بە نایاسایی بۆ ئاودانی باخچە، نەک بۆ خواردنەوەی ماڵان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ یەکێک لەو سەرپێچییانە پێوەری ئاویان نەبووە، کە بە سەرپێچییەکی گەورە لەسەر تۆڕی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان و جەخت دەکاتەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات و بە نایاسایی ئاو ڕابکێشێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سزای قورسی دارایی دەبێتەوە و بەبێ جیاوازی ڕێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.