دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل – ئێران، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند؛ "لەو ماوەیەدا 21 هەزار گومانلێکراومان دەستگیر کردووە".
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، سەعید مونتەزیرمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند؛ "لە ماوەی12 رۆژی شەڕدا 21 هەزار هاووڵاتیی ئێرانی و بیانیمان بە گومانی سیخوڕیکردن و هاوکاریی دوژمن دەستگیر کردووە".
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی پۆلیسی ئێران لەکاتێکدایە کە پێشتر ئێران رایگەیاندبوو؛ دوو هەزار کەسیان بە گومانی سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل گرتووە.
سەعید مونتەزیرمەهدی دەڵێت؛ "لە ماوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی پەیوەندییەکانی خەڵک بە پۆلیسەوە 41٪ زیادی کرد و زیاتر لە حەوت هەزار و 850 کەس لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە بنکەکانمانەوە کردووە و لە ئەنجامدا 21 هەزار گومانلێکراو لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کران".
گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند؛ "لە کۆی دەستگیرکراوەکان دوو هەزار و 774 کەسیان بیانی بوون و دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان دەرکەوت کە سیخوڕییان کردووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.