پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی هەولێر - بەحرکە بەردەوامە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە. پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامی سەرەکیی هەولێر - بەحرکەیان بەسەرکردەوە.
پڕۆژەکە، بە گوژمەی یەک ملیار و 645 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت، لە قۆناغی دووەمدا کارکردن لە شەقامی 120 مەترییەوە تا شەقامی 150 مەتری لە سایدی چوون بۆ بەحرکە لەخۆ دەگرێت.
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "ئەم شەقامە یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانی شاری هەولێر و هاتووچۆیەکی زۆری لەسەرە. سەرەتای هەفتەی داهاتوو کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە، کە بە کوالێتییەکی بەرز ئەنجام دراوە، تەواو دەبێت و بە ڕووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە".
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی هەولێر - بەحرکە کە درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە، هەرسێ شەقامی بازنەیی 100، 120 و 150 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە. قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، کە لەنێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری بوو، پێشتر تەواو کراوە و کۆی گشتیی کارەکانی پڕۆژەکەش لە هەردوو قۆناغدا بریتییە لە 85 هەزار مەتر دووجا قیڕتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.