وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی فەرمیدا، هۆشداریی دەداتە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و داوایان لێ دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی دووبارە و بەپەلەی هەواڵی تاوانکاری. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەناڵێکی سەرپێچیکار دەگرێتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا بە ژمارە 896 کە لە ڕێکەوتی 10ـی ئابی 2025 دەرچووە، سەرجەم دەزگا میدیاییە بینراو و بیستراوەکانی ئاگادار کردووەتەوە.
لە گشتاندنەکەدا، کە واژۆی شێروان عەولا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە، هاتووە کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانکاری بەشێوەیەکی دووبارە و بەپەلە، بووەتە دیاردە و کاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی هاووڵاتیان دروست کردووە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ فێربوونی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری جەختی کردووەتەوە کە هەر دەزگایەکی میدیایی پابەندی ئەم ئاگادارکردنەوەیە نەبێت، کارەکەی بە پێچەوانەی یاسا و لۆژیک و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی دادەنرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم کارە پێچەوانەی ماددەی (3) بڕگەی سێیەمی ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014، تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسییە، بۆیە وەزارەت ئەرکی خۆیەتی کە ڕێکاری یاساییی پێویست بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرێتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.