Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 10:48

ئێران لە ترسی تیرۆر زانا ئەتۆمییەکانی شاردووەتەوە

کوردستان TV
100%

لە دوای ئەوەی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا ژمارەیەک لە سەرەکیترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر کران، کۆماری ئیسلامیی ئێران زانایانی ئەتۆمیی خۆی گواستووەتەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان.

ڕۆژنامەی تلگراف ڕایگەیاند زۆربەی زانایانی ئەتۆمیی ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژە لە ماڵەکانی خۆیان ناژین و ئەوانەی مامۆستای زانکۆ بوون لە کارەکەیان دوور خراونەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆژنامەی تلگرافی ڕاگەیاندووە ئەو زانا ئەتۆمییانە، گوازراونەتەوە بۆ شوێنی پارێزراو لە تاران یا شارەکانی باکووری ئێران و لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ڤێللاکاندا دەژین. گوتیشی ئەوانەی لە زانکۆکان مامۆستا بوون، کەسی دیکەیان لەجێ دانراوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە نییە.

بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئێران بە تلگرافی ڕایگەیاندووە پێشتر یەکەیەکی سوپای پاسداران بەرپرسی چاودێری و پاراستنی زانا ئەتۆمییەکان و فەرمانبەرانی کەرتی ئەتۆمیی ئێران بوو بەڵام ئێستا بە هۆی نەمانی متمانە و ترس لە دزەکردنی سیخوڕەکانی ئیسرائیل، چەندین دامەزراوەی ئەمنی پێکەوە بۆ ئەم مەبەستە لە هەماهەنگیدان.

ئیسرائیل پێشتر لیستەیەکی 100 کەسی لە زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئامادە کردووە و لەناوبردنی ئەو کەسانەی بە تیمێکی تایبەت سپاردووە. تلگراف دەڵێ جیا لەو زانا ئەتۆمییانەی تا ئێستا کوژراون، ناوی 15 کەسی دیکەی ئەو لیستەیەشی لەبەر دەستە. بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە تلگرافی ڕاگەیاندووە ئەم کەسانە دەبێ لە نێوان بەردەوام بوون لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و مەترسیی هێرش بۆ سەریان یا هەڵبژاردنی کار و پیشەیەکی دیکە، یەکیان هەڵبگژێرن.

بە گوتەی دەنی سیتری نۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی مێزی ستراتێژیی ئێران لە دەزگای زانیاریی بەرگریی ئیسرائیل، ئەو زانا ئەتۆمییانەی زیندوو ماون، بە چاوی خۆیان بینیویانە هاوکارەکانیان چییان بەسەر هاتووە و ئێستا دەبێ ئەوانیش چارەنووسی خۆیان هەڵبژێرن.

بە گوتەی ئەو شارەزا ئیسرائیلییە، ئەو کەسانەی زیندوو ماون لە ڕیزی پێشەوەی هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەبن بۆیە ئێستا بوونەتە ئامانجی سەرەکیی هێزەکانی ئیسرائیل. جەختیشی کردووەتەوە هەر زانایەکی ئەتۆمیی پەیوەندیی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەبێت لەناو دەچێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.