Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 04:30

28 پارێزگای ئێران بە هۆی شەپۆلی گەرماوە پشوویان ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلێکی نوێی گەرمای تاقەتپڕووکێن و هۆشدارییەکانی کەشناسیی ئێران، پارێزگارانی 28 پارێزگای ئێران ئەمڕۆ پشوویان ڕاگەیاند و لە سێ پارێزگاکەی دیکەش ماوەی دەوام کەم کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، بە هۆی گەیشتنی شەپۆلێکی گەرما بۆ ناوچەکە و کورتهێنانی کارەبا و ئاو، پارێزگارانی 28 پارێزگای ئێران ڕایانگەیاند بە مەبەستی کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە و پاراستنی تەندروستیی گشتی، ئەمڕۆ دەکەنە پشوو. تەنیا سێ پارێزگای ئیلام، هەمەدان و لوڕستان پشوویان ڕانەگەیاندووە بەڵام ماوەی دەوامیان کەم کردووەتەوە.

هاوینی ئەمساڵ زۆربەی ڕۆژانی چوارشەممە لە لانیکەم 23 پارێزگای ئێران کراوەتە پشوو و کورتهێنانی ئاو و کارەبا زیانێکی زۆری بە ئابووریی ئەم وڵاتە و پیشەسازییە گەورەکان گەیاندووە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان بەرهەمی پیشەسازییەکانی ئاسن، چیمەنتۆ و پێترۆکیمیا 30٪ کەمی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی هەناردەی بەرهەمە نانەوتییەکان 5 ملیار دۆلار کەم بێتەوە.

کارگەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ دابینکردنی کارەبا ڕوویان لە سووتاندنی سووتەمەنییە زیانبارەکان کردووە کە ئەمەش بووەتە هۆی پیس بوونی ژینگە و مردنی لانیکەم 26 هەزار کەس لە ساڵی ڕابردوودا.

بە هۆی پشووی بەردەوام و نەبوونی کارەباوە، کارگە گەورە و مامناوەندەکان و بنکە ئابووری و بازرگانییەکانی کەرتی تایبەت کە 80٪ی هێزی کاری ئێران لەخۆ دەگرن، چالاکییەکانیان 25٪ دابەزیوە و بەم هۆیەشەوە داهاتی ئەو هاووڵاتییانە لەم کەرتە کار دەکەن تا 40٪ کەم بووەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.