بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە پسوڵەیەکی سزا بڵاوبوونەتەوە و ڕایگەیاند، ئەو پسوڵەیە بەتەواوی ساختەیە و هیچ سەرپێچییەک لە یاساکانی هاتووچۆدا نییە بەناوی "سەرخستنی قەرەج".
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە سزادانی شۆفێران دەکەن بەهۆی سەرخستنی "قەرەج"ـەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ وێنەی پسووڵەیەکی سزا لە بەشێکی زۆری پەیج و ئەکاونتەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە چەند شۆفێرێک لەسەر سەرپێچیی "سەرخستنی قەرەج" لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا سزا دراون.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: "ئەم بابەتە تەواو ناڕاستە و دوور و نزیک پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە نییە و ئەو پسوڵەیەش دروستکراو و ساختەیە (فەیکە)".
هەروەها ڕوونیشیکردووەتەوە، "لەناو سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستاندا، سەرپێچییەکمان نییە لەژێر ناونیشانی سەرخستنی قەرەج لە ئۆتۆمبێلدا".
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، هاتوچۆی سلێمانی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەریی هەواڵی ساختە و چەواشەکارانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.