پارێزگارانی لانیکەم پازدە پارێزگای ئێران ڕایانگەیاندووە بە هۆی شەپۆلی گەرما و پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا ڕۆژی سێشەممە ماوەی دەوام کەم دەکەنەوە و ڕۆژی چوارشەممەش دەکەنە پشوو.
پارێزگاری تاران ڕایگەیاند بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و پێویستییی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، دامەزراوە حکوومییەکانی پارێزگای تاران ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئاب دەوام ناکەن.
هاوکاتیش پارێزگاکانی قوم، ئیلام، ورمێ، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، یەزد، ئیسفەهان، هورمزگان، گیلان و کرمان بۆ ڕۆژی چوارشەممە پشوویان ڕاگەیاندووە و لە پارێزگای ئیسفەهانیش چوارشەممەی حەفتەی داهاتوو دەکرێتە پشوو.
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ڕۆژی سێشەممەشی کردووەتە پشوو و پارێزگاکانی مازەندەران، سیستان و بەلووچستان و سمنان جیا لە پشووی ڕۆژی چوارشەممە ماوەی دەوامی ڕۆژی سێشەممەیان کەم کردووەتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوینی ئەمساڵ تووشی گەورەترین کورتهێنانی ئاو و کارەبا لە مێژووی خۆیدا بووە و بەم هۆیەوە حکوومەتی ئەم وڵاتە پارێزگارەکانی سەرپشک کردووە بڕیار لەسەر ڕاگەیاندنی پشوو دەن. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەمە سێهەم جارە ڕۆژی چوارشەممە لە زیاتر لە 10 پارێزگای ئێران دەکرێتە پشوو. ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لەم وڵاتە پشووی فەرمییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.