شەپۆڵێكی گەرمای بەتین و تاقەتپڕوكێن بەڕێوەیە و پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوو بگاتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پلەكانی گەرما تا 50 پلەی سیلیزی بەرز ببنەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت: سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆڵێکی دیكەی گەرمای بەهێز و تاقەتپڕوکێن تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەكی گشتی 8 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوه.
هەروەها رایدەگەیەنێت: پێشبینی دەكرێت لە هەندێك رۆژی هەفتەی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەتایبەت لە ناوچەكانی هەولێر و مووسل و کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان، بگاتە (49-50) پلەی سیلیزی.
شارەزاكەی كەشناسی گوتیشی: چەقی گەرماكە رۆژانی 10 هەتا 15ی مانگ دەبێت و لەم ماوەیەدا پلەكانی گەرما لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەنێوان 45 بۆ 50 پلەی سیلیزی دەبێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ئاماژەی بەوەش دا كە پلەكانی گەرما لە پارێزگاكانی عێراق زیاتر بەرز دەبنەوە و پێشبینی دەكرێت لە هەندێك ناوچە بگاتە 51 بۆ 52 پلەی سیلیزی .
سەبارەت بە وادەی كۆتاهاتنی شەپۆڵەكەش، شارەزاكەی كەشناسی گوتی كە ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و لە رۆژی 15ی مانگەوە پلەكانی گەرما بەرەو نزمبوونەوە دەچن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.