Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 19:41

دوو گەنجی دیكە بەهۆی مەلەكردنەوە خنكان

کوردستان TV
100%

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دوو گەنجی دیكەی هەرێمی كوردستان لە كاتی ئەنجامدانی مەلەدا گیانیان لەدەست دا، سەرلەبەیانیش چوار گەنجی دیكە خنكابوون، ئێوارەی دوێنێش بەهەمانشیوە دوو گەنجی دیكە خنكابوون، واتە لە دوێنێوە 8 كەس بەهۆی مەلەكردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە هەڵەبجە پێی راگەیاندین: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دوو گەنج لە پۆندی گوندی پریسی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەكاتی مەلەكردن خنكان.

لەبارەی ناسنامەی گەنجەكان، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: ئەو دوو گەنجەی گیانیان لەدەستداوە ناوەكانیان (محەمەد عومەر و ڕابەر حەمە ڕەشید)ـە.

ئاماژەی بەوەش دا كە تیمەكانی غەواس بەدوای دۆزینەوەی تەرمەكانن، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە سنووری شارۆچكەی بەردەڕەش، چوار گەنج لە كاتی مەلەكردن لە ئاوی رووباری خازر خنكان و تەرمەكانیان لەلایەن تیمەكانەوە لە رووبارەكە دەرهێنران.

بەهەمانشێوە دوێنێ یەكشەممەش دوو گەنجی دیكە لە كاتی ئەنجامدانی مەلە خنكابوون، یەكێكیان لە زێی گەورە بوو لە شارۆچكەی خەبات، ئەوەی دیكەشیان لە شارۆچكەی مێرگەسۆر بوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە هاووڵاتییەكی خەڵكی شاری هەولێر بوو و خاوەنی 3 منداڵ بوو.

ماوەی چەند رۆژێكە رووداوی خنكان و گیانلەدەستدان بەهۆی ئەنجامدانی مەلەكردنەوە زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە شار و شارۆچكەكان بەردەوام داوا لە هاووڵاتییان دەكەن لە كاتی ئەنجامدانی گەشت و سەیران دووربكەونەوە لەنزیك ئاوی رووبار و گۆمەكان، هەروەها لەسەر رووبارەكانیش هێمای دووركەوتنەوە و مەترسی ئەنجامدانی مەلەكردن دانراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.