وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکات دەڵێت پێویستە هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی رفێنراوە ئێزیدیەکان بکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: ''هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی بەردەوام بۆ ڕزگاربووان و کەسوکاریان، کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێنراوەکان و دڵنیابوونەوە لە بەدەستهێنانی مافەکانیان کە لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2021ی تایبەت بە ژنە ڕزگاربووە ئێزدییەکاندا هاتووە، ئەمەش لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانمانەوە لە دەرەوەی وڵات''.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو پێشێلکارییانە وەک تاوانی کۆمەڵکوژی و توندوتیژیی سیستماتیک و بەکۆیلەکردنی مرۆیی کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوای لە وڵاتان کرد دان بەو تاوانانەدا بنێن کە دژی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجام دراون وەک تاوانی کۆمەڵکوژی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێنراوەکان و پتەوکردنی کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.