وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا ڕێگرە لە دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆساید و ڕێگەش بە هەرێمی کوردستان نادات ئەو هەنگاوە بنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی 11ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 3,500 ڕفێندراو گەڕێندراونەتەوە نێو کەسوکاریان و دڵنیایی دا کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەوانی دیکە بەردەوام دەبن.
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی فیدراڵی گرت و گوتی: "بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵی تا ئێستا دادگەیەکی تایبەتی بۆ سزادانی تاوانبارانی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی دانەمەرزراندووە. هەروەها ڕێگە بە هەرێمی کوردستانیش نادات ئەو دادگە تایبەتە دابمەزرێنێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە کە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوشک و برایانی ئێزدی بەردەوام دەبێت و گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوشک و برایانی ئێزدی ئاسانکاری دەکات لەبارەی ڕێکارەکانی خوێندن و هەروەها لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.