ماوەی چەند رۆژێكە نرخی چەند جۆرێكی میوە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر دەڵێت "ئەو میوانەی هاوردە دەکرێن نرخیان کۆنترۆڵ ناکرێت، چونکە لە وڵاتان نرخەکانیان گۆڕانکارییان پێ دەكرێت".
دانا عەزیز سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە "دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی"ی راگەیاند: ماوەی چەند رۆژێكە هەنجیری خۆماڵی پێگەیشتووە و رێژەکەی لە بازاڕ زیادی کردووە، بەم هۆیەوە نرخەكەی دابەزیوە، ئێستا گرانترین و باشترین جۆری کیلۆی بە سێ هەزار دینارە".
راشیگەیاند: زۆرینەی میوەکان هاوردە دەکرێن، بۆیە نرخەكانیان بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەهۆی جیاوازی لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەموو میوەیەک نییە، بۆیە بەشێكیان هاوردە دەکرێت و بە گوێرەی ناوچەکانیش نرخەكانیان دەگۆڕدرێن.
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر گوتیشی: ئێستا نرخی مۆز بە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە، چونکە تاکە وڵات لە ئێستادا مۆزی هەبێت ئەفریقیایە، بەهۆی هەناردەکردن بۆ گشت وڵاتان و زۆری خواست لەسەری، نرخی بەرز بووەتەوە، هەندێک میوەی دیکەش هەن نرخیان بەرز بووەتەوە، بەڵام بەرێژەیەکی بەرچاو نییە".
بە گوتەی دانا عەزیز، میوە خۆماڵییەکان جۆریان کەمە، ئەوەی لەم وەرزە تا ئێستا هەیە شووتی و کاڵەک و هەنجیرە، ئەوەی دیکە هەمووی هاوردەی دەرەوەیە و هیچی ناوخۆیی نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە خاوەن فرۆشگاکان خۆخ بە خۆماڵی دەفرۆشن، بەڵام هیچی خۆمانە نییە و خۆخ لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
نرخی 1 کیلۆی هەندێک لە میوەکان بەمشێوەی خوارەوەن:-
شووتی: 500-700
کاڵەک: 300- 350
ترێی عێراق: 500 – 600
هەنجیر: 1500- 3000
قۆخ و قەیسی: 700 بۆ 900
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.