فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لەسەر یەکپارچەیی سووریا بە یەک سوپا و یەک ئاڵاوە ڕێک کەوتوون و هەسەدەش دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا.
ڕۆژی سێشەممە29ی تەمووزی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون هەسەدە ببێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و لە کۆبوونەوەی داهاتووی پاریسدا باسی میکانیزمی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریادا دەکەن.
مەزڵووم عەبدی گوتیشی هەموومان لەسەر یەکپارچەیی سووریا کۆکین و لامەرکەزییەت بە واتای دابەشکردنی وڵات نایەت. جەختیشی کردەوە سووریا یەک سوپای دەبێت نەک دوو سوپا و سوپای سووریا لە چوارچێوەی مەرکەزییەتێکی سەربازیدا دەبێت.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، ئەرێنی بووە و توانیویانە پاش 3 کاتژمێر گفتوگۆ بگەنە ڕێککەوتن. گوتیشی هەوڵ دەدەین ئاگربەست لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بگۆڕین بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.
مەزڵووم عەبدی گوتیشی سعوودییە ڕۆڵێکی گەورەی لە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەبووە و دەتوانێ بێتە ناو گفتوگۆکانی نێوان کورد و حکوومەتی دیمەشقەوە و وەک ناوبژیوان ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.