Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 04:42

لە میشیگانی ئەمریکا 11 کەس بە چەقۆ بریندار کران

کوردستان TV
100%

لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا لە هێرشێکی چەقۆکێشیدا کە وەک کردەوەیەکی هەڕەمەکی وەسف کراوە، لانیکەم 11 کەس لەناو فرۆشگەیەکی ''واڵمارت'' برینداربوون.

ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەمووز، لە شاری تراڤێرس، سەر بە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا، لە هێرشێکی چەقۆکێشیدا کە وەک کردەوەیەکی هەڕەمەکی وەسف کراوە، لانیکەم 11 کەس لەناو فرۆشگەیەکی واڵمارت بریندار بوون. پۆلیسی ناوچەکە دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی تەمەن 42 ساڵانی ڕاگەیاندووە و جەختی کردەوە کە هێرشەکە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە.

مایکڵ شیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی گراند تراڤێرس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، وا دەردەکەوێت کردەوەکان هەڕەمەکی بوون و قوربانییەکان پێشوەختە دیاری نەکراون''. وتیشی گومانلێکراوەکە، کە دانیشتووی خودی ویلایەتەکەیە، بە تەنها کردەوەکەی ئەنجام داوە .

ناوەندی پزیشکیی مۆنسن بڵاوی کردەوە: تا درەنگانی شەوی شەممە، پێنج لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگیر بووە. لەنێو بریندارەکاندا، شەش پیاو و پێنج ئافرەت هەن، لانیکەم سێ نەشتەرگەری بۆ بریندارەکان کراوە.

کۆمپانیای واڵمارت لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئیدانەکردنی توندوتیژییەکە ڕایانگەیاند: بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکاندا و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.

شاری تراڤێرس سیتی یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە ناسراوەکانی کەناری دەریاچەی میشیگان و بە فێستیڤاڵی گێلاس و کارگەکانی شەراب ناسراوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.